کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ/ ئێران هەر ٣٠ ماددەی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات

15:43 - 19 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: ٦٥ ساڵ بەسەر پەسندکردنی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ تێپەڕ دەبێت، بەڵام رۆژانە لە ئێراندا ئەو مافە پێشێڵ دەکرێت.
لە رۆژێکدا کە راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ لە شاری پاریس پایتەختی فەڕانسە پەسند کرا، وەکوو رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ ناسێندرا.
ئاننا ئەلئانۆر رووزڤـێڵت یەکەمین بەرپرسی کومیسیۆنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوسەری فرانکلین رووزڤێڵت ٣٢هەمین سەرکۆماری ئەمریکا، لە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٢٧ی هەتاوی، راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤی لە مەقەڕی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاریس خستەبەر دەنگدان و کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ پەسندی کرد.

7442.jpg
ئاننا ئەلئانۆر رووزڤـێڵت

بۆ یەکەمین جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ٤٦ وڵاتی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند: لەسەر هەندێ ماف گەیشتوونەتە رێککەوتن کە دەبێ تێکڕای مرۆڤەکان لێی بەهرەمەن دبن.
٨ وڵات لەوانە یەکیەتیی سۆڤیەت، عەرەبستان و ئەفریقای باشوور، دەنگیان بەم راگەیەنراوە نەدا.

\'\'تێکڕای مرۆڤەکان ئازاد لە دایک بوون و لە بواری کەرامەت و مافەوە پێکەوە یەکسانن\'\'، ئەمە ئەسڵی یەکەمی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤە کە بەرهەمی سەدان ساڵ هزر و ئەندێشەی مرۆڤەکانە کە ٦٥ ساڵ پێش ئیستا بۆ یەکەمین جار لە ٣٠ ماددە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەسند کرا.
ئەو راگەیەنراوە مافی بنەڕەتیی مەدەنی، فەرهەنگی، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی تێکڕای مرۆڤەکانی لە هەر وڵاتێکدا ژیان بکەن، دیاری کردووە.
راگەیەنراوی جیهانیی ماڤی مرۆڤ دوو جاڕنامەی نێودەوڵەتی بەناوەکانی \'\'جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی\'\' و \'\'جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی سیاسی و مەدەنی\'\' لە خۆ گرتووە.
ماددەی ١ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ دەڵێت: تێكڕای مرۆڤەکان ئازاد لە دایک بوون و لە رێز و مافەکانیان پێکەوە یەکسانن. ئاوەز و ویژدانیان پێ دراوە و پێویستە برایانە لەگەڵ یەکتر هەڵسوکەوت بکەن.
مرۆڤەکان لە رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا حورمەت و کەرامەتیان ناپارێزرێ و هیچ مرۆڤێک لەژێر سێبەری ئەو دەسەڵاتەدا ئیزنی کەڵک وەرگرتن لە ئاوەز و ویژدانی نییە و بەرپرسانی رێژیم وەکوو دوژمن چاو لە نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێراندا دەکەن.
لە ماددەی ٢ی ئەو راگەیەنراوەدا هاتووە: تێکڕای مرۆڤەکان بە بێ هیچ جیاوازییەکی رەگەزی، جینسی، زمانی، مەزهەبی و بیروبڕوا، پێگەی ئابووری کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی یان شوێنی لە دایک بوون، شیاوی گشت ماف و ئازادییەکانی ئەم راگەیەنراوەن.
بەڵام لە ئێراندا تێكڕای پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسیییەکان، مافەکانیان پێشێل کراوە و جگە لە کەمینەی شیعەی ١٢ ئیمامی نەبێت، باقی پێکهاتەکان لە مافە ئاماژەپێکراوەکانیان بێبەش دەکرێن.
لە ماددەی ٣ی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتووە: هەموو مرۆڤێک شایستەی ژیان، ئازادی و ئەمنیەتی تاکەکەسییە.
رێژیمی ئێران نەک مرۆڤەکان بە شایستەی ژیان نازانێت، بگرە بە ئاسانی ژیانی مرۆڤە جیابیرەکان دەگرێت و نەک لەم کردەوە دژە مرۆیی و دژە یاسایی‌یانە سڵ ناکاتەوە، بەڵکوو بە ئەرک و وەزیفەیەی مەزهەبیی خۆی لە قەڵەمی دەدات.
هەرچەندە ئەمنیەتی هاووڵاتییان لە ئەستۆی دەسەڵاتی سیاسیی هەر وڵاتێک دایە، بەڵام رێژیمی ئێران لەو حاڵەتەدا لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.
ماددەی ٥ ئەو راگەیەنراوە دەڵێ: نابێ هیچ کەس ئاشکەنجە و ئازار بدرێ، یان بکەوێتە ژێر سزای نامرۆیی و یان بە چەشنێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ کە پێگەی مرۆیی خۆی لەدەست بدات.
لە ئێران ئەشکەنجە و ئازار دانی هاووڵاتییان و زیندانییان بووەتە حاڵەتێکی رۆژانە و هەموو رۆژێک هەواڵی ئەشکەنجە و کوشتنی هاووڵاتییان بەتایبەت لە کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە. لە ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران پێگەی مرۆیی مرۆڤەکان بێ بایەخە و لە هەموو کردەوەیەکی دژە مرۆیی‌یانە بۆ داشکاندنی جیابیرانی خۆی کەڵک وەردەگرێت.
ماددەی ٦ دەڵێت: هەر مرۆڤێک شایستەی ئەوەیە لە هەموو شوێنێک لە بەرانبەر یاسادا وەکوو کەسایەتییەک بە فەرمی بناسرێت.
رێژیمی ئێران نەک کەسەکان وەکوو تاک ناناسێت بەڵکوو حاشا لە ناسنامە و شوناسی زۆرینەی ئێران وەکوو کەمایەتییە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەنبییەکان دەکات.
ئەگەر چاوێکی خێرا بە هەر ٣٠ ماددەکەی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤدا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ کام لە ناوەڕۆکی ئەو یاسایانە رەچاو ناکات و بۆ خۆی یەکەم پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دایە.

راپۆرت: رامان نەسری