کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی رۆژی یەکەمی کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

22:43 - 5 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: رۆژی یەکەمی کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش رەوایی وەرگرتن لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە، بە فەرمی دەستی بە کارەکانی کرد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، یەکەمین رۆژی کاری کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاش راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات بە فەرمی دەستی پێ کرد.

پاشان جەلەسەی یەکەمی رۆژی یەکەمی کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی فوئاد خاکی‌بەیگی دەستی پێ کرد و پاشان جەلال رەوانگەرد راپۆرتی لیژنەی هەڵبژاردنی کۆنفڕانسەکانی پێشکەش کرد.

دواتر دەنگی رەوایی کۆنگرە لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکارییەوە خرایە بەر دەنگدان و بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کۆنگرە رەوایی بۆ کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەژێر ناوی دەرخستنی تواناکان، خۆسازدان بەرەو دواڕۆژێکی روون وەرگیرا.

پاشان فوئاد خاکی‌بەیگی بەرپرسی لیژنەی راپۆرتی سیاسی ـــ کۆمەڵایەتی، راپۆرتی پێشنیارکراوی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی بۆ کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات، پێشکەش کرد.

لە جەلەسەی دووهەمی رۆژی یەکەمی کۆنگرەی حەوتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، پاش خوێندنەوەی پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن چرۆ سوهرابییەوە، ئەندامان و میوانانی بەشداری کۆنگرەی حەوتی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات را و سەرنج و رەخنە و پێشنیاری خۆیان لەسەر راپۆرتی سیاسیی ـــ کۆمەڵایەتی، پێشنیارکراوی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی لە کەش و هەوایەکی ئازاد و دێموکراتیکدا دەربڕی.