کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی کوردستان میدیا لەسەر دۆخی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی کورد

19:06 - 2 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لە حەفتەی رابردوودا، ١٠٦ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بە نیسبەت دەستبەسەرکردنی چالاکان و کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و هاووڵاتییان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا رووی داوە.


زیاتر لە ١٠٠ حاڵەتی دەستبەسەرکران لە حەفتەی رابردوودا
لەماوەی حەفتەی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ئێراندا و لەلایەن ناوەندەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
رێکەوتی ٢٨ی رەرزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتی یارسانی لەلایەن هێزە تایبەتەکانی رێژیمی ئێرانەوە له بەردەم مەجلیسدا، دەسبەسەرکران.
ئەو رەشبگیریەی هێزەکانی رێژیم لە کاتێكدا بوو کە هاووڵاتییانی یارسانی بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕێن لە شارەکانی کرماشان، ئیلام و قەزوین، رەوانەی تاران ببوون هەتا لەبەردەم مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێراندا کۆببنەوە.
ناوی ژمارەیەک لەو دەسبەسەرکراوانە بریتییە لە: سەید ئەمین عەبباسی، مەسعوود ئەڵماسی، فەرید سلێمانی، حومەیرا تاهیری، فەرەیدوون سپاسە، ئەفشار خالقی، ئارمان عەلیوون، حەمدوڵڵا مەحموودی، خەلیل قەزوینە، سەید ئەمیر بێ‌باکی، خەیروڵڵا حەق جوویان، فەرید تاهیری، مێهراب ئەسرافیلی، ئیبراهیم بەزلە، فەرشید نەدیمی، سەید حەسەن ئەفزەڵی، ئەحسان نادری، بەهمەن سەبووری، داود عەزیزی، بێهزاد تاهیریان و عەباس فەقیری.
رۆژێک پێش دەستبەسەرکرانی یارسانییەکان واتە لە رێکەوتی ٢٧ی رەزبەردا هەواڵی دەستبەسەرکرانی، چالاکێکی رۆژنامەنووسی و وێبلاگ‌نووسی کورد بەناوی \'\'عەزیز تیباش\'\'، بڵاوبووەوە.
\'\'عەزیز تیباش\'\' تەمەن ٢٣ ساڵ و کوڕی \'\'خالید\'\' لە دووکانەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی \'\'چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاگاداریی بەڕێوەچوونی خولی فێربوونی زمانی کوردی\'\' دەستبەسەر و دووکانەکەشی داخراوە.
هەر لەو پێوەندیەدا، لە رێکەوتی ٢٥ی رەزبەر، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بەناوی \'\'حەیدەر مەنسووری\'\' لە ماڵەکەی خۆیدا بەتۆمەتی  هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزسیۆنی رێژیمی ئێران لە شاری روانسەر، دەسبەسەر کرابوو.
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، ١٠٠ هاووڵاتی یارسانی لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە و هەروەها رۆژنامەنووسێکی کورد و هاووڵاتییەکیش لە لایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ماوەی مانگی رابردوودا ١٦٥ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون، کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشوودا ژمارەی دەسبەسەرکراوان ١٠ ئەوەندە زیادی کردووە.
کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی کورد
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ٤ هاووڵاتی کورد بەهۆی راوەدوونان و تەقەی راستەوخۆی ‌هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێرانەوە کوژراون و برینداربوون.
رێکەوتی ٢٨ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، لە ئەنجامی تەقە و راوەدوونانی هێزە نیزامییەکانی رێژیم، ماشینی هاووڵاتییەک وەرگەڕا و لە ئەنجامدا \'\'براهیم شوان\'\' خەڵکی ئاوایی \'\'دۆڵەتوو\'\'ی سەردەشت، گیانی لەدەست دا و کەسێکی دیکەش بەناوی \'\'عەبدوڵڵا شایقی‌ڕاد\'\' بە توندی بریندار بوو.
هەر لەو پێوەندییەدا و چەند رۆژ پێشتر، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی  \'\'رەحمان بەشیری کوڕی ئەحمەد و وەحید پەژوویی کوڕی نیعمان\'\' خەڵکی گوندی \'\'قەسرکی\'\'ی سەربە ناوچەی ورمێ، بەتوندی بریندار بوون.
بەپێی دابەشکاریی شارەکان، لە شاری ورمێ دوو حالەتی برینداربوون و لە شاری سەردەشت حاڵەتێکی بریندار بوون و حاڵەتێکی کوژرانی هاووڵاتییان و کۆڵبەران رووی داوە.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەماوەی مانگی رەزبەردا ١٩ هاووڵاتیی کورد کەوتوونەتە بەر دەسرێژی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران و لە ئەنجامدا ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٣ کەسی دیکەشیان برینداربوون.