کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتێك لەكار و چالاكییەكانی كۆمیتەكانی حیزبی دێمۆكرات لەوڵاتی سوید

15:31 - 13 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: كۆمیتەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەئۆریبرۆ و ستۆكهۆڵمی وڵاتی سوید ژمارەیەك دیدار و چاوپێكەوتنیان ئەنجام داوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە، ١١‌ی خەمانان ماتیلدا ئەرن كرانس، ئەندام‌پارلمان لەسەر لیستی حیزبی سوسیال دێمۆكراتی سوید سەردانی کۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی لەشاری ئۆریبروی وڵاتی سوید كرد.
ماتیلدا ئەرن كرانس لەلایەن ئەندامانی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئیران پیشۆازی لێ كرا. پاشان سەلاح ئارامش بەرپرسی كۆمیتەی حیزب لە ئۆریبرو باسێكی لەسەر مێژووی پێوەندی حیزبی دێمۆكرات و حیزبی سوسیال دێمۆكراتی سوید و هەروەها پرسی كورد لە ئێران و بەشەكانی دیكەی كوردستان پێشكەش كرد.
دواتر خاتوو ماتیلدا ئەرن كرانس خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم سەردانە دەربڕی و جەختی لەسەر پێوەندی نێوان حیزبی سوسیال دێمۆكرات و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی كردەوە و پشتیوانی خۆی بۆ داوا رەواكانی گەلی كورد دووپات كردەوە‌.
بەشداریی هەیئەتێكی كۆمیتەی سوید لەیادی ساڵڕۆژی دامەزرانی پارتی دێمۆكراتی كوردستان
هەیئەتێكی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات لەسوید بە سەرپەرشتی مستەفا زارعی بەرپرسی كۆمیتە بەشداریی لە رێوڕەسمی ٦٧ ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دێمۆكراتی كوردستان و ٥٢ هەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ئەیلوول لە شاری ستۆكهۆڵمدا كرد.
لەو رێوڕەسمەدا پەیامی كۆمیتەی هاوكاری هێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستانی كە نوێنەرایەتی زۆربەی حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانی هەر چوار بەشی كوردستان دەكات، لەلایەن مەولوود عەبدیل‌زادە بەرپرسی كۆمیتەی هاوكاری هێزە سیاسییەكان لە وڵاتی سوید، خوێندرایەوە.
هەروەها برووسكەی پیرۆزبایی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات ـ سوید لەلایەن بەڕێوەبەری رێوڕەسمەكەوە خوێندرایەوە.
كۆبوونەوەی هاوبەشی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات ـ سوید لەگەڵ پارتی دێمۆكراتی كوردستان- باكوور
رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١٠‌ی خەرمانان هەیئەتێكی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات ـ سوید بە سەرپەرستی مەولوود عەبدیل‌زادە بەرپرسی بەشی پێوەندییەكانی كورد و كوردستانی كۆمیتەوە لەلایەن كۆمیتەی پارتی دێمۆكراتی كوردستان – باكوور لە سوید بۆ كۆبوونەوەیەكی هاوبەش بانگهێشت كرابوون.
شاندی كۆمیتەكە لەلایەن ئەندامانی كۆمیتەی پارتی دێموكراتی كوردستان بە سەپەرستی سەردار حاجی سوبحی بەرپرسی پێوەندییەكانی ئووروپا و ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و عوسمان قەرەقوش بەرپرسی كۆمیتەوە پێشوازییان لێ كرا.
لەو كۆبوونەوەیەدا ئەندامانی تازەی كۆمیتەی پارتی دێمۆكراتی كوردستان ـ باكوور بە بەشداران ناسێندرا و هەروەها باسێكیش لەسەر بەڕێوەچوونی كۆنگرەی ١٠‌ی ئەو پارتە كرا.
پاشان نوێنەری پێوەندییەكانی حیزبی دێموکرات وێڕای پیرۆزبایی كۆنگرەكەیان و كۆمیتەی تازە هەڵبژێردراوی پارتی دێمۆكراتی كوردستان - باكوور لەسوید، باسێكی لەسەر پێوەندی نێوانیان پێشكەش كرد.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا هەر دوو لایەن بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان، ناوچە، پرسە نەتەوەییەكان و بەردەوامی و شێوەی پێوەندییەكانیان لەوڵاتی سوید تاوتوێ‌كرد.