کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی رێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک

17:41 - 7 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوێکی هاوبەشی تایبەی بە هێزە سیاسیی کوردستانییەکانی لو وڵاتی بلژیک لەژێر ناوی RHKB دامەزرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێکخراوی هاوبەشی کوردستانیان لە بلژیک (RHKB) رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکدا لە بارەگای پارتی دێموکراتی کوردستان لە شاری بروکسل پایتەختی وڵاتی بلژیک، بە بەشداریی چەند هێزی سیاسیی کوردستانی پێکهات.

دەقی راگەیەنراوەکە بەم چەشنەیە:

بۆ روون بوونەوەی زیاتری ئامانجەکانی دامەزرانی ئەم رێکخراوە، پێویستە رابگەیەنین کە ئەم رێکخراوە سەر بە هێچ لایەنێکی سیاسیی تایبەت نییە . بەڵکوو تەواوی ئەم پارت و لایەنانەی بەشداربوو لەم رێکخراوەدا بە مەبەستی هاوکاری کردن لەسەر پرسی کورد و گرتنی جێژن و بۆنە نەتەوەیییەکان و سمینار و کۆبوونەوە، لەژێر ئاڵای کوردستان لە وڵاتی بلژیک پێک هاتووە. دامەزراندنی ئەم رێکخراوە بۆ ئێمەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە وڵاتی بلژیک پێویستییەکی مێژوویییە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و بەرەوپێشچوون لە هەندەران. هەروەها لە رێگای ئەم رێکخراوەوە بە یەکدەنگ دەتوانین لەسەر بارودۆخ و پرسی نەتەوەکەمان کار بکەین و دەنگی خۆمان بۆ کۆڕ و کۆمەڵەکانی وڵاتی بلژیک بەرز بکەینەوە.

ئێمەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشداربوو لەم رێکخراوەدا داواکارین لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردی نیشتەجێی وڵاتی بلژیک بۆ زیاتر پێکەوەژیان بەگیانی تەبایی و هەستی نەتەوەیی و هاوکاری زیاتر پەیوەست بەم رێکخراوە ببن. هەر لایەنێکی سیاسیی بەشداربوو لەم رێکخراوەدا مافی سیاسی و حقووقی خۆی پارێزاوە.

بەشداریتان لەم رێکخراوەدا مایەی سەربەرزییە بۆ ئێمە و نەتەوەکەمان
یەکگرتن زامنی سەرکەوتنە

لایەنە سیاسییەکانی ئەندام لەم رێکخراوەدا بریتین لە:


١ ــ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

٣ ــ پارتی دێموکراتی کوردستان

٤ ــ پارتییا یەکیەتییا کورد لە سووریە

٥ ــ پارتییا یەکیەتییا دێموکراتا کورد لە سووریە

٦ ــ پارتییا دێموکراتا کوردستان/ سووریە