کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەنراوی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ

15:45 - 18 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی راگەیەنراوەکە کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

خەڵکی بە شەرەفی کوردستان!
مامۆستایان و قوتابییانی خەباتگێڕ و ئازادیخواز!

بیست‌و پێج ساڵ بەر لە ئێستا رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی پلانێکی رەش و کونەپەرستانە و بە هیوای کپکردنی دەنگی ئازادیخوازی و مافویستی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر مێزی بە ناو وتووێژ دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ناردراوی تاران، دەستیان بە خوێنی رێبەری هەڵکەوتوو و ناوداری نەتەوەی کورد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سوور کرد و بەم هەنگاوە کوێرانە داخێکی گەورەیان لەناو دڵی هەر کوردێکی بە شەرەف و ئازادیخوازدا ناشت.

رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی تەمەنی ٣٥ ساڵەی خۆیدا بۆ ساتێکیش لە تیرۆر، ئیعدام، گرتن و زیندانی کردنی رۆلە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکانی ئێران و رشەکوژیی خەڵکی سڤیل خۆیان نەپاراستوە. هەر بستێک لە خاکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان بە خوێنی سوورئاڵی کچان و کوڕانی خەباتگێر و ئازادیخواز رنگاوە. هەر بۆیە رێژیمی کۆماری سێدارە لە ئاستی جیهاندا نموونەی هەرە بەرزی تیرۆریسمی دەوڵەتی و سڕینەوەی فیزیکی نەیارانی خۆیەتی.

بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ لە رەوتی خەبات لە ئێران و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبینرێت بێ ئاکامی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری سێدارە و تیرۆرە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی. چونکە رۆژ بە رۆژ تیشکی خۆری خەبات بە گوڕتر دەبێت و ئەوان نە تەنیا بە تیرۆر کردن قاسملووی رێبەر نەیانتوانی خەبات لە بێشکەدا بخنکێنن، بەڵکوو ئەوا خوێن و هزری کەسکی قاسملوویه، بۆتە رێبازی خەبات و بە هەزاران قاسملووی دیکەی پەروەردە کرد و ئێستاش قاسملووگەلێکی فرە لە رەوتی خەباتی رۆژهەڵات و کوردستاندا بەڕێوەن.

لە کۆتاییدا ئێمە وەک یەکیەتیی پێشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لەگەڵ رێباز و قوتابخانەی فیکری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، پەیمانی وەفاداری بە ئامانجەکانی نوێ دەکەینەوە. ماڵباتی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و رێبوارانی رێوینگی قاسملووی نەمر دڵنیا دەکەین هەتا سەرکەوتن قوتابخانەی رێبەری گەورەمان، شەهید دوکتور قاسملوو رێچکەی رێبازمان بێت. هەوەها پێشتیوانیی خۆمان لە کەمپینینا بۆ تێرور دەردەبڕین. بۆ جارێکی دیکەش پەیمان لەگەڵ رێبازی قاسملوو و سەرجەم شەهیدانی کوردستان نوێ دەکەینەوە کە رێڕەی خەباتیان بین و هەتا گەیشتن بە ئازادی و رزگاری و سەرکەوتنی نەتەوەی کورد لە رۆهەڵاتی کوردستاندا.

نا بۆ تیرۆر
بەڵێ بۆ ئازادی
یەکیەتیی پێشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران