کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

روانسەر/ بارمتەی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لەلایەن دەزگای قەزایی‌یەوە زەوت کرا

15:32 - 31 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران لە شاری روانسەر بڕی ٥٠ ملوێن تمەن پارەیان لەبری بارمتە (وەسیقە)ی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌کە لەلایەن دادوەری لیکۆڵینەوە لە کاتی دەستبەسەری لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دیاری کرابوو، لە بنەماڵەکەی ئەستاند.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەختیار نەزەری پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری روانسەرەوە دەسبەسەر کرا.

ناوبراو پاش دەستبەسەری بۆ ماوەی ٢٢ رۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان‌دا لەژێر لێپرسینەوە و لێکۆڵێنەوەدا بووە.

بەختیار نەزەری لە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە ١٨ مانگ زیندان و دانپێدانانی تەلەفزیۆنی مەحکووم کرا.

ئەو چالاکی سیاسییە، بەهۆی گوشاری رێژیم و ئازار ئەزیەتێکی زۆر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ‌هێشت.

بەختیار نەزەری پاش بەناچاری بەجێهێشتنی زێدی خۆی، بە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتەوە پەیوەست بوو و لەو کاتەوە بنەماڵەکەی لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمدا بوونە.

هەر لە درێژەی گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتدا بۆسەر بنەماڵەی ئەو پێشمەرگەیە، ئەو گوشارە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا چڕتر بووەوە.

بەختیار نەزەری وێڕای پشتراستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند که ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە مانگی رابردوودا گوشارێکی زۆریان بۆ بنەماڵەکەی هێناوە کە دەبێت کوڕەکەیان بگەڕێننەوە.

نەزەری لەدرێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم بە بنەماڵەکەیان راگەیاندبوو کە لەئەگەری نەگەڕانەوەی بۆ ئێران، بارمتە دیاریکراوەکەی زەوت دەکەن.

ئەو پێشمەرگەیەی حیزبی دێموکرات لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کرد که کارناسی دیاریکراوی دەزگای قەزایی، بایەخی ئەو خانوویە کە بۆ بارمتە سەنەدەکەی لە دادگا دانرابووی سێ قات کەمتر کردبووە و بۆ رۆژی ١٩ی خەرمانان خستبوویانە موزایدەوە.

بنەماڵەی بەختیار نەزەری، پاش دیاریکرانی رۆژی موزایدەی خانووەکەیان، رێکەوتی ١٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە ناچار ٥٠ ملوێن تمەنیان رژاندووەتە حیسابی دەزگای قەزایی رێژیم.