کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان: لەهەر یەك مانگدا ٥ هەزار كەس لەسووریە گیان لەدەست دەدەن

23:06 - 26 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەراپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، هەر مانگەو پێنج هەزار كەس لەسووریە بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

جێگری لێپرسراوی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، ئەو كوشت و كوشتارەی سووریە هەتا ئێستا لەهیچ شوێنێك رووی نەداوە و تەنانەت لە كوشتاری روانداش شتی لەو وێنە نەبیندراوە.

ایوان سیمونوویچ رووداوەكانی سووریەی بەكارەساتبار لەقەڵەم دا و لەو باوەڕەشدایە سووریە تووشی جەنایەتی جەنگی بووە.

لەراپۆرتەكەدا هاتووە زیاتر لەیەك میلیۆن و ٨٠٠ هەزار كەس لە هاووڵاتیانی سووریە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ‌‌كانیان بوون و بەشێوەی نێوەنجی رۆژانە شەش هەزار هاووڵاتی سووریە بەجێ‌دەهێڵن.

هەر لەو پێوەندییەدا نوێنەری رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرای كردووە، لەسووریە نزیك بە چوار میلیۆن كەس پێویستیان بە یارمەتییە بەشر دۆستانەكان هەیە.

والری ئاموس ئەوەی خستە روو، دژبەرانی سووریە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە رێگایەكی باش بۆ دەرباز كردنی خەڵكی لەو قەیرانە بدۆزنەوە و ئەگەریش رێگا چارەیەك دەسنیشان دەكەن، لەلایەن هێزەكانی بەشار ئەسەدەوە پێشیان پێ‌دەگیرێت.