کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو

21:21 - 29 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و دەسپێکی ساڵێکی نوێی کوردی لە رێوڕەسمێکدا لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەرز راگیرا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رێوڕەسمی جێژنی نەورۆزی ساڵی ٢٧١٤ی کوردی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٩ی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی، بە بەشداریی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتی، ژمارەیەک ئەندامانی رێبەری، میوانان، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها شاندێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بنکەی دەفتەری سیاسی بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی \'\'ئەم رۆژی ساڵی تازەیە\'\' لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەستی پێکرد.
دواتر چەپکە گوڵی پێرۆزبایی شاندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کەلە رێوڕەسمەکەدا بەشدار بوون، پێشکەش بە بەڕیوەبەرانی رێوڕەسمەکە کرا.
پاشان مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵی نوێی ٢٧١٤ی کوردی پەیامی خۆی پێشکەش کرد.
هجیری لە پەیامەکەیدا وێڕای پێرۆزبایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان، وتی: \'\' ئێستا، کە بە هیوایەکی نوێ‌وە بەرە‌و پیری ساڵێکی نوێ‌ دەچین، جێی خۆیەتی ئاوڕێک لە یەک ساڵی رابردوو، ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ساڵێکی دژوار و پڕ کوێرەوەری وەکوو هەموو ماوەی تەمەنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو خەڵکی ئێران و بە تایبەت بۆ نەتەوەی کورد لەو وڵاتە بدەینەوە.
هیجری لە پەیامەکەیدا چەند نموونەی لە دژوارییەکانی ساڵی رابردوو و بەتایبەت پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی هێنایەوە و وتی:
ـ بە پێی هەڵسەنگاندنی سندووقی نێونەتەوەیی دراو، رێژەی بێکاری لە ساڵی رابردوو لە ئێراندا هەڵکشانووە، هەر بە پێی ئامارەکانی خودی رێژیمی ئیسلامیش، ئەو رێژەیە لە کوردستانی ئێران، بە نیسبەت بەشەکانی دیکەی ئێران لە سەرەوەتر بووە.
ـ بە پێی ئامارە ناڕەسمییەکان و تەنانەت ئامارە جێی گومانەکانی رێژیمیش، توشبوون بە مادەی سڕکەر لە ساڵی رابردوودا زۆرتر و زۆرتر بووە. بە وتەی وەزیری کار‌وباری ناوخۆ ٦ میلیون ئێرانی بە شێوەی راستەوخۆ گیرۆدەی مادەسڕکەرەکان بوون و ٩٢%ی خەڵکی ئێران نیگەرانی ئەو دیاردەیەن.
ـ گرانی و هەڵاوسانی ئابووری و توشبوون بە مادە سڕکەرەکان، دیاردەی دزێوی کۆمەڵایەتیی زیاتری بە دوای خۆیدا هێناوە و ژمارە و ئاماری خۆکوژی و تەڵاق و خۆکوشتنی ژنان روو لە هەڵکشانە. بە پێی ئاماری ناوەندی پزیشکی قانوونیی کرماشان، تا کۆتایی مانگی سەرماوەز ٣١٢٥ کردەوەی خۆکوژی لەو پارێزگایەدا رووی داوە کەلە چاو ساڵی پێشوو ١٠% زیادی نیشان دەدا.
ـ لە ساڵی رابردوودا کارنامەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەردەوامی توندوتیژی و سەرکوت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ رەش‌تر لە جاران بووە.
دواتر \'\'غوڵام فاتحی\'\' هونەرمەندی گۆرانی‌بێژی کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەوبۆنەوە گۆرانییەکی پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەدا شێعری شاعیرێکی سنەیی بەناوی \'\'ئاویەر\'\' کە لەنێوخۆی وڵاتەوە پێشکەش بە رێوڕەسمەکە کرابوو، لەلایەن \'\'شەماڵ تەرغیبی\'\'یەوە خوێندرایەوە.
پاشان سروودێک بەبۆنەی نەورۆزی ساڵی ٢٧١٤ی کوردی کە لەلایەن منداڵانی دێموکراتەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش کرا.

رێوڕەسمەکە بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز بە دەستی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتیری گشتیی حیزب و ئەنوەر محەممەدی ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحەتکێشانی کوردستانی ئێران و هەڵپەڕکێ و شایی بەشداران کۆتایی پێهات.