کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی دانانی شارەوانیی نوێی پاوە، ناڕەزایەتیی ئەندامانی شۆرای شاری لێکەوتەوە

21:02 - 20 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: پاش چەند مانگ ناکۆکیی نێوان بازنەی ئەمنیەتیی مەلاقادر قادری و ژمارەیەک لە ئەندامانی شۆرای شاری پاوە، دەست و پێوەندییەکی رێژیم وەکوو شارەدار هەڵبژێردرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە چەند مانگی رابردوودا نەبوونی پۆستی شارەدار، قەیرانی ئیداریی لە ئاستی شاری پاوەدا دروست کردووە و پاش ماوەیەکی دوور و درێژ، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەمە، کەسی بژاردە و دڵخوازی \'\'مەلا قادر قادری و دەزگا ئەمنیەتییەکان\'\'ی شاری پاوە وەکوو شارەدار ناسێندرا.
لە رێوڕەسمی ناساندنی کەسی دڵخوازی بازنەی مەلا قادر قادری، یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شاری پاوە لەهەمبەر \'\'دانان\'\'ی (انتصاب) \'\'سەلام خوسرەوی\'\' و دەستێوەردانی ئایینییەکان و هێزە ئەمنیەتییەکان لەم پرسەدا بە توندی ناڕەزایەتیی دەربڕی.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتانە کەبە دەستی کوردستان میدیا گەیشتووە، مەلا قادر قادری لەو ماوەیەدا کە کورسیی شارەوانیی پاوە چۆڵ بووە، بەردەوام بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە لەمەڕ پاساوهێنانەوە بۆ ئەندامانی شۆرای شار، پاڵپشتیی لە بژاردە و کەسی دڵخوازی هێزە ئەمنیەتییەکان و بەتایبەت ئیدارەی ئیتلاعات واتە سەلام خوسرەوی کردووە.
سێ ئەندامی ناڕازیی شۆرای شاری پاوە، ئیمام جومعەی ئەو شارە بە \'\'رانت‌خواری\'\' و پەراوێزخستنی پرنسیپە باوەکانی هەڵبژاردنی شارەدار و کەڵک وەرگرتن لە هێزی بەڕێوەبەریی مەئموران و دەزگا ئەمنیەتییەکان تاوانبار کردووە.
ئەم پرسە لە کاتێکدا زەق بووەوە کە سێ ئەندامی شۆرای شاری پاوە بەبێ ئاگاداریی ئەندامانی دیکەی ئەو شۆرایە لە نامەیەکدا بۆ پارێزگاریی کرماشان \'\'سەلام خوسرەوی\'\' کەسی دڵخوازی مەلا قادر و لە دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران وەکوو شارەداری پاوە دەناسێنن و باقیی ئەندامانی شۆرا کە بەم هەڵبژاردنە ناڕازی بوون، نامەیەکی سەرئاوەڵای ئیعترازییان لەمەڕ پرۆسەی هەڵبژاردنی شارەدار بڵاو کردەوە.
ئەو ناڕەزایەتییە لە کاتێکدا هاتە ئاراوە کە مەلا قادر قادری و دەزگا ئەمنیەتییەکان بەبێ هیچ راوراوێژ و هاوبیرییەک لەگەڵ ئەندامانی شۆرای شار، لیستەیەکی چوار کەسییان لە رێکەوتی ٢٣ی سەرماوەز بۆ دیاریکردنی شارەداری شاری پاوە لەبەر چاو گرتبوو و ئەمەش ناڕەزایەتیی ئەندامان سێ ئەندامای شۆرای شاری پاوەی لێکەوتبووەوە.
ناڕەزایەتیی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و ئەندامانی ناڕازیی شۆرای شاری پاوە، لەمەڕ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئیمام جومعە و دەزگا ئەمنیەتییەکان لە رەوتی هەڵبژاردنی شارەدار، بێ ئەنجام بوو و رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەمە، بژاردە و کەسی دڵخوازی مەلا قادر و هێزە ئەمنیەتییەکان و سپای پاسداران کەلە دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە، وەکوو شارەداری پاوە دانا.