کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوەندی ٣ی کوردستان‌ بەڕێوەچوو

15:31 - 28 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی رۆژی ٢٦‌ی سەرماوەز بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێمۆکرات لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو رێوڕەسمە رێکەوتی ٢٧‌ی سەرماوەز بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌‌دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
سەرەتا پەیامی ناوەندی ٣ی کوردستان‌ لەلایەن سەدیق دەرویشی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتەوە خوێندرایەوە و دواتر سروودێک لەژێر ناوی من پێشمەرگەی کوردستانم لەلایەن ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی ئەو ناوەندەوە پێشکەش کرا.
دواتر ئیدریس هورموزی پەخشانێکی لەژێر ناوی من پێشمەرگەم خوێندەوە و پاشان پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن زەنوێر کوردستانییەوە خوێندرایەوە.
لە نێوئاخنی رێوڕەسمەکە سروودێک بەناوی ئەی پێشمەرگەی هەڵمەت‌بەر لەلایەن کۆڕی هونەریی حیزبی دێمۆکراتەوە پێشکەش کرا و دواتریش چنوور مەحموودی پەخشانێکی خوێندەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا چەند تابلۆیەکی هەڵپەرکێ لەلایەن کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی ناوەندی ٣ی کوردستانەوە نمایش کرا و لەبڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا چەند پێشمەرگە بە ناوەکانی محەممەد یووسفی، سلێمان میناپاک و نادر حەسەنی بە نووسراوە رێزیان لێگیرا.
هونەرمەند غوڵام فاتحی بە وتنی گۆرانی و قادر کەریمی بە خوێندنەوەی شێعرێک رێوڕەسمەکەیان زیاتر رازاندەوە.