کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢٦ سەرماوەز/ جەهانگیری: پێشمەرگە هێمای شۆڕشی مۆدێڕنی ئازادیخوازیی کوردییە

18:04 - 26 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرز راگیرا.


بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتی، ئەندامانی رێبەری، کادر، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران و میوانان، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی لە بنکەی دەفتەری سیاسی بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی تێکڕای شەهیدانی رێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان \'\'رۆستەم جەهانگیری\'\' ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کومیسیۆنی سیاسی ــ نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەوبۆنەوە پەیامی خۆی پێشکەش کرد.
رۆستەم جەهانگیری وێڕای ئاماژە بە مێژووی ٢٦ سەرماوەز، وتی: پێشمەرگە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی خوێناویی گەلی کورددا هەمیشە گورزێکی پۆڵایین بووە لە بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستان و ورەبەخش بووە بۆ رۆڵەکانی نەتەوەی کورد، گیان فیدایی و خۆڕاگریی ئەم مرۆڤە خۆنەویستە وای کردووە کە ببێتە سیمایەکی ناسراو و خۆشەویست بۆ گەلەکەی.
بەرپرسی کومیسیۆنی سیاسی ــ نیزامیی حیزبی دێموکرات، وتیشی: پێشمەرگە ئەو هێما پیرۆزیە کە شۆڕشی مۆدێڕنی ئازادیخوازانەی کوردی بە هەنگاوی بوێرانە و ئیرادەی پۆڵایینی خۆی بەرەو پێش بردووە.

جەهانگیری روو لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، وتی: ئێوە لە حیزبێکدا خەبات دەکەن کە نزیکەی ٧٠ ساڵە لە پێناوی ئامانجەکانی نەتەوە چەوساوەکەی راپەڕیوە، ئەو حیزبە هەم ئامانجەکانی گرینگن هەم بڕینی رێگا و قۆناغەکانی خەباتی گەلێک ئەستەم و دژوارن، هەر بۆیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان دەبێ پێوەندییەکی توندوتۆڵ، گیانێکی پڕ لە تەبایی و یەکیەتی و یەکدڵی و راستبێژی کەلە تایبەتمەندیی حیزبی دێموکراتە وەکوو پڕەنسیپێک بپارێزن.
دواتر سروودێک لەژێر ناوی \'\'بەندیخانە\'\' لەلایەن هونەرمەند \'\'لالۆ رەنجدەر\'\' بە هاوکاریی کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات بەو بۆنەوە پێشکەش کرا.
لە رۆژی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، هەموو ساڵێک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوحی رێزلێنان پێشکەش بەو پێشمەرگانە دەکات کە ٢٠ ساڵ پێشمەرگایەتییان کردووە.
ئەمساڵ ئەو خەڵاتە لەلایەن \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش بە ٨ پێشمەرگەی دێرین بەناوەکان \'\'محەممەد ساحیبی، رەزا فەیزی، رەحیم هیدایەتی، محەممەد خوسرەوزادە، مەحموود رەسووڵی، زاهید خەلیلی‌زادە، هەمزە پووشاب و سەدیق بەرزگەر\'\'، کرا.
دواتر هونەرمەند \'\'فەرهەنگ زورار\'\' مەقامێکی بەبۆنەی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان پێشکەکش کرد و دوابەدوای ئەوەش پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکان ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن \'\'فواد خاکی‌بەیگی\'\' سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا کچێکی تەمەن ٥ ساڵ بەناوی \'\'کوردستان زەندی\'\' کەلە رۆژی ٢٦ سەرماوەز لە دایک بووە خەڵاتی پێ بەخشرا.
لە کۆتایی ئەو رێوڕەسمەدا چەندین سروودی شۆڕشگێڕانە لەلایەن هونەرمەندانی بەشداری رێوڕەسمەکەوە خوێندران.