کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی چوارەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

21:24 - 4 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: کۆنگرەی چوارەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر دروشمی یەکگرتویی گوتاری بزووتنەوی خوێندکاریی کورد دەستی بە کارەکانی کرد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی بەفرانباری ١٣٩٢ یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی ئەندامانی رێبەری حیزبی دێموکرات و ژمارەیەک لە نوێنەرانی رێکخراوە خوێندکارییەکانی کوردستانی ئێران و بەشداری میوانان، رێوڕەسمی کردنەوەی چوارەمین کۆنگرەی خۆی لەژێر دروشمی یەکگرتویی گوتاری بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد دەستی پێکرد.

سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و بە تایبەت شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستان دەستی پێکرد.

پەیامی دیاکۆ خەیات بەرپرسی کۆمیتەی زاگرۆسی یەکیەتیی خوێندکاران لە زانینگەی تەورێز بۆ چوارەمین کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکاران لەلایەن غالب حەبیبی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەریی ئەو یەکیەتییە خوێندرایەوە.
پاشان کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.

بەشی دیکەی ئەو رێوڕەسمە بۆ پەیامی خوێندکارانی کوردی زانکۆی ئیلام تەرخان کرابوو کە لەلایەن ئومید عەبدی ئەندامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەوە.

ئەحمەد دزەییسەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین پەیامێکی بۆ کۆنگرەی چوارەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناردبوو کە لەلایەن سەردار ئێرانییەوە خوێندرایەوە.

پاشان دوو پەیامی بزووتنەوەی خوێندکارانی کورد و لاوانی ئازادیخواز و کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی کرماشان کە لەلایەن عادڵ مورادی و ئاشتی نازدار خوێندرانەوە.

ناوەندی خەبات دژی پاکتاوکردنی نەتەوەی عەرەب، هەر بە بۆنەی چوارەمین کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکاران پەیامی خۆی ئاراستە کۆنگرە کردبوو کە لەلایەن سەلام ئیسماعیل پوورـەوە خوێندرایەوە.

چەندین پەیامیتر هەر بەو بۆنەوە نێردرابوون کە ناوەکانیان بریتین لە:

ــ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ــ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ــ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
ــ حیزبی شیووعیی کوردستان
ــ کۆمەڵەی خوێندکارانی رۆژهەڵات
ــ یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد
ــ جڤاکی ئاشتی و پێشڤەخستنی کوردستان
ــ پەیامی ئیبراهیم لاجانی
ــ پەیامی سەلاح مەجید پوور
ــ پەیامی سەعید ئیلامی چالاکی خوێندکاری لە زانینگەی عەللامە تەباتەبایی تاران
ــ کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی ئورمیە
لە نێو ئاخنی ئەم رێوڕەسمەدا چەند سروودێک لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کران.