کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو

20:28 - 10 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان، لە سێ بڕگەی جیاوازدا لە سەر گڵکۆی شەهیدان، کردنەوەی پیشانگای وێنەی شەهیدان و ساڵۆنی گشتیی رێوڕەسمەکانی حیزب، بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمێکی تایبەت بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب بە بەشداریی \'\'مەستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتی و ئەندامانی رێبەری و کادر و پێشمەرگە و میوانان و بنەماڵەی شەهیدان بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە لە بڕگەی یەکەمدا به رێژەی نیزامیی هێزە پێشمەرگەی کوردستان بەرەو گڵکۆی شەهیدان دەستی پێ کرد و لەسەر گڵکۆی شەهیدان دوو سروود لەژێر ناوەکانی \'\'ئەی شەهیدان\'\' و \'\'مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم\'\' لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە خوێندران و دوابە دوای ئەوە \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هاوڕێ لەگەڵ \'\'زێنەب پێڕەوان\'\' خوشکی شەهید \'\'عێزەت پەیڕەوان\'\'، تاجەگوڵینە رێز و وەفادارییان لەسەر گڵکۆی شەهیدان دانا.
پاشان پیشانگای وێنەی شەهیدان بە دەستی \'\'مستەفا هیجری\'\' و \'\'ولێ جەلالی\'\' خوشکی \'\'شەهید ستار جەلالی\'\' بە رووی بەشدارانی رێوڕەسمەکەدا کرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا کەلە ساڵۆنی گشتیی رێوڕەسمەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بەڕێوەچوو، بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی کومیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن \'\'تاهیر مەحموودی\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب و بەرپرسی ئەو کومیسیۆنەوە پێشکەش کرا.
دواتر سروودێکی شۆڕشگێڕانە لەژێر ناوی \'\'شەهید بەو زامەی درا لە جەرگت\'\' لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرا و دوابە دوای ئەوەش پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن \'\'شەماڵ تەرغیبی\'\' ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی یەکیەتیی خوێندکارانەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا پەیامی حیزبی شیووعیی کوردستان لەلایەن \'\'ئەبوو تارا\'\' ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبەوە پێشکەش کرا.
دواتر پەخشانێک کە لەلایەن \'\'ئەحمەد شێربەگی\'\' تایبەت بۆ رێوڕەسمەکە بە دەنگی خۆی تۆمار کرابوو و نێردرابوو، پێشکەش کرا.
پاشان سروودێکی دیکەی شۆڕشگێڕانە بەناوی \'\'خوێنی خاکەلێوە\'\' لەلایەن غوڵام فاتحی و بە هاوکاریی کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتەوە خوێندرا و دوابەدوای ئەوەش پەخشانێک لەژێر ناوی \'\'هەستانەوە\'\' لەلایەن \'\'دڵنیا پیری\'\' کچی شەهید \'\'جەمشید پیری\'\'یەوە پێشکەش بە بەشدارانی رێوڕەسمەکە کرا.
هەروەها کۆمەڵیک پەیام بە دەستی بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە گەیشتبوو کە ناوەکانیان بەم چەشنەیە:

ــ حیزبی شیووعیی کوردستان، کۆمیتەی قەزای کۆیە

ــ پارتی دێموکراتی کوردستان، لێژنەی ناوچەی کۆیە

ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی سۆران