کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە دەڤەری تۆرنتۆی کانادا بەڕێوەچوو

19:30 - 7 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە تۆرنتۆی کانادا بە بەشداریی بەرچاوی کوردانی ئەو ناوچەیە لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەبۆنەی ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، رێوڕەسمێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە رۆژهەڵاتی کانادا، لە شاری تۆرنتۆ بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگایی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی هاوبەشی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژهەڵاتی کانادا و کۆمیتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ــ ئەمریکای باکوور، لەلایەن \'\'هه‌ڵمەت مەحموودی\'\'یەوە خوێندرایەوە و دەقی هەمان پەیام بە زمانی ئینگلیزی لە لایەن \'\'زکریا خزریان\'\'ەوە پێشکەش کرا.
دوابەدوای ئەوە پەیامی \'\'تامس مولکێر\'\' سەرۆکی حیزبی دێموکراتی نوێی کانادا، \'\'جیم کەریگیانیز و رەزای موریدی\'\' ئەندامانی پارلمانی کانادا خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا کۆمەڵێک پەیام و برووسکەی پیرۆزبایى لایەنە کوردی و ئێرانییەکان و هەروەها کانادایی‌یەکان، بە دەستی بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە گەیشتبوو، کە ناوەکانیان بەم چەشنەیە:
ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی ئەمریکای باکوور

ــ پارتی دێموکراتی کوردستان، لقی کانادا

ــ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، رێکخستنی کانادا

ــ ماڵی کورد لە تۆرنتۆی مەزن

ــ ناوەندی کۆمەڵایەتی و زانیاریی کورد لە تۆرنتۆ

ــ حیزبی هاودەردی دێموکراتیکی ئەلئەهواز

ــ حیزبی خەڵکی بەلووچستان

ــ رێکخراوی فیداییانی خەڵکی ئێران (زۆرینە) یەکەی تۆرنتۆ

ــ سیکولارە سەوزەکانی تۆرنتۆ

لە نێواخنی ئەو رێوڕەسمەدا یارمەتیی ماڵی بۆ کوردە لێقەماو و ئاوارەکانی سووریە کۆ کرایەوە.
رێوڕەسمەکە بە گۆرانیی هونەرمەندان \'\'خێرۆ عەبباس، شەهرووز، گەلاوێژ، فواد، عەدنان، کازیوە و سیدۆ\'\' و هەروەها بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێهات.