کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢١ـەمین ساڵڤەگەڕی تیرۆری میکۆنۆس، لە رۆژئاوای کانادا بەڕێوەچوو

19:16 - 3 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کورستانی ئێران لە رۆژئاوای کانادا رێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانانیان بەڕێوەبرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، لە یەکێک لە هۆلەکانی کۆلیژی داوگلاس، بەبۆنەی ٢١ـەمین ساڵڤەگەڕی شەهید بوونی رێبەرانی حیزبی دێموکرات لە رێستوورانی میکۆنۆس، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ رۆژئاوای کانادا و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رۆژئاوای کانادا، ئێوارە کۆرێکیان پێکهێنا.
ئەو رێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر پەیامەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـــ رۆژئاوای کانادا و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لەلایەن بەڕێزان \'\'سەیفالدین گیلانی\'\' و \'\'کۆزاد ویژە\'\'ـەوە پێشکەش کران.
پاشان بەڕێز ئەحەد وەکیلی، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چالاکی سیاسی ئازەری زمان، وێڕای گێڕانەوەی چەند بیرەوەیەک لە شەهیدی نەمر دوکتور شەرەفکەندی، وتارێکی لەسەر هۆکارەکانی لاوازیی جوولانەوەی ئازەربایجان لە خەبات بۆ وەدەست هێنانی مافە پێشێل کراوەکانی گەلانی ئێران و هەلومەرجی هەنووکەیی ئازەربایجانی ئێران پێشکەش کرد.
بەشێکی تری ئەم کۆریادە تەرخان کرابوو بۆ وتاری زانستی بەڕێز ناسر جیهانی، خوێندکاری پلەی دوکتورای کۆمەڵناسی، لە سەر کتێبی \'\'کورتە مێژووی جوڵانەوەکانی کوردستان\'\' نووسینی شەهید دوکتور شەرەفکەندی. بەڕێز جیهانی، بە شێوەیەکی زانستی و پوخت، بابەتەکانی ئەم کتێبەی شی کردەوە و تێبینی و بۆچوونەکانی خۆی خستە روو.
کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، جووڵانەوەی یەکیەتی بۆ دێموکراسی و سێکولاریزم لە ئێران، سازمانی ئیتحادی فداییانی ئێران، بزووتنەوەی فیدراڵی ئازەربایجان و بنکەی مەدەنی ئێرانییە کانادایی‌یەکان، برووسکەی پرسە و هاوخەمی خۆیان بە بۆنەی ٢١ـەمین ساڵـڕۆژی کارەساتی میکۆنۆس پێشکەشی کۆمیتەی حیزب کرد.
شایانی باسە ئەم کۆڕیادە، لەگەڵ پێشوازیی و بەشداری گەرم و بەرینی هاووڵاتییانی کورد و ئێرانی  بەرەوڕوو بوو.