کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢ی رێبەندان لە وڵاتی نوروێژ بەڕێوەچوو

13:00 - 30 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: پارتە سیاسییەکانی کورد لە باشووری نوروێژ بە هاوکاریی کۆمەڵەی کولتووریی کورد لەو ناوچەیە، لە رێوڕەسمێکدا ٢ی رێبەندانیان پیرۆز کرد.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، رێوڕەسمێک بەبۆنەی جێژنی ٢ی رێبەندان ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە بەشداریی کوردانی هەرچوار بەشی کوردستان لە شاری \'\'کریستیان سەند\'\' بەڕێوەچوو.
سەرەتای ئەو رێوڕەسمە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر ئۆمید عوزەیری بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی کولتووریی کورد پەیامی ئەو کەمەڵەی بەبۆنەی ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان خوێندەوە.
پاشان پەیامی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە باشووری نوروێژ لەلایەن \'\'رەسووڵ قادری\'\' بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باشووری نوروێژ، خوێندرایەوە.
لەو پەیامەدا وێڕای ئاماژە بە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو دامەزرێنەری یەکەم کۆماری دێموکراتیکی کوردستان، تیشک خرابوویە سەر رەهەندە جیاوازەکانی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی ئەو کۆمارە لە مێژووی نەتەوەی کورددا.