کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران بەهۆی دەست هەبوون لە تەقینەوەی بەیروت بە دانی ٤٥٤ ملوێن دولار مەحکووم کرا

19:57 - 26 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران بە هۆی دەست هەبوون لە تەقینەوەی بنکەی چەکدارانی دەریایی ئامریکا لە بەیروت لە ساڵی ١٩٨٣ی زایینی لەلایەن دادگایەکی فێدرالی ئامریکاوە لە ویلایەتی واشنگتۆن دی‌سی بە دانی جەریمەی نەختیی ٤٥٤ ملوێن دولاری مەحکووم کرا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، دادوەری دادگای فێدرالی ئامریکا، رویس لامبرت، وێڕای زاڵمانە وەسف‌کردنی ئەم تەقینەوە کە بە مردن، لە نێوچوونی بەرین و کێشە و گرفتە رەوانییەکانی هێزەکانی ئامریکایی لێکەوتووەتەوە، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە دانی جەریمەی قورس بە ٦٢ کەس لە کەسوکارانی ٨ قوربانی ئەو تەقینەوە مەحکووم کرد.
بەپێی راپۆرتەکان، پاش ساڵی ٢٠٠١ی زایینی، پەروەندەی تەقینەوەی بنکەی چەکدارانی دەریایی ئامریکایی لەلایەن دادگاکانی ئامریکاوە تاوتۆی کرا.

لە ساڵی ٢٠٠٧ی زاینییی هەتا ئێستا، دادگاکانی ئامریکا، لە چەند دۆسیەی جیاواز، ئێرانیان بە پەرداختی ١٠ میلیارد دولار خەسارەت بە کەسوکاری قوربانییان و لێقەوماوانی تەقینەوەی بنکەی چەکدارانی ئامریکایی لە بەیرووت محکووم کرد
دادوەر لامبرت، وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵی بێ وچانی بنەماڵەی قوربانییان و لێقەوماوانی ئەو تەقینەوە لە مەجبوورکردنی رێژیمی ئێران بە قبووڵ‌کردنی پاڵپشتی لە تیرۆریزم، لە حوکمێکدا رایگەیاند: ئێران دەبێ بە تەواوەتی لە رەوانگەیەکی یاساییەوە، سەبارەت بە بۆمبگذاری لە ٢٣ی ئۆکتبری ١٩٨٣ سزا بدرێت.

سەرەتای مانگی خەزەڵوەری سالی ١٣٦٢ی هەتاوی لە بەیرووت، نزیک هەزار کیلۆگڕەم مەوادی تەقینەوە بە ماشێن بۆ نێو مەقەڕی چەکدارەکانی هێزی دەریایی ئامریکا راگوێزرا و تەقێندرایەوە و لەو تەقینەوەدا ٢٤١ سەربازی ئامریکایی و ٥٨ کەس لە هێزەکانی فەڕانسە کە بەشێک لە هێزەکانی پاراستنی ئاشتی نێونەتەوەیی لە لوبنان بوون، کوژران.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاتی بە دەستەوە گرتنی شوڕشی گەلانی ئێران و دواتر گەیشتن بە دەسەڵات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی لە تیرۆر کەڵکی وەرگرتووە و لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا لە سەرەکیترین پشتیوانانی تیرۆریزمی دەوڵەتی لە جیهاندا بووە.

لە کردەوە تیرۆریستییەکانی رێژیمی ئیسلامی دەتوانین بە تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و دوکتور سەعید شەرەفکەندی، سکرتێرەکانی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵەکانی ١٣٦٨ و ١٣٧١ی هەتاوی و ‌هاوڕێیانیان لە ڤیەن و بڕلین ئاماژە بکەیەن.

جگە لەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ساڵەکانی خەباتی خۆی لەگەڵ رێژیمی ئیسلامی بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی خۆی کە ئامانجەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێرانن و بەدەست هێنانی مافی دیاری کردنی چارەنوس بۆ نەتەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بەردەوام قوربانی تیرۆریزمی رێژیمی ئێران بووە.

تیرۆری زیاتر لە ١٥٠ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا و بە تایبەت دەیەی ٧٠ی هەتاوی، لە هەرێمی کوردستانی عێراق، حیزبی دێموکراتی یەکێک لە قوربانیانی سەرەکی تیرۆریزمی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە.