کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی چوونەسەری ئاماری ئیعدام لە جیهان دایە

17:57 - 7 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە تازەترین راپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کردووە کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران و عێراق هۆکاری سەرەکیی چوونەسەری ئامارەکانی ئیعدام لە جیهان دان.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی رێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاوی کردەوە، بەشێکی بچووک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکاری چوونەسەری لەسەدا ١٥ ئیعدامەکانی جیهانن.
بەپێی ئاماری ئەو رێکخراوە جیهانییە لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا ئاماری ئیعدامەکان لە جیهان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردووی زایینی، لەسەدا ١٥ زیادی کردووە.
رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، \'\'رێژیمی ئیسلامیی ئێران\'\' و \'\'دەوڵەتی عێراق\'\'ی لە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی سزای مەرگ لە جیهان ناساند.
سالیل شێتی سکرتێری رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئیعدام لە دوو وڵاتی \'\'ئێران و عێراقی شەرمهێنەر و دزێو لە قەڵەم دا و وتی: هەنووکە ئەو وڵاتانە لە قۆناغی هەڵەی مێژوودا جێگایان گرتووە و لە راستیدا ئەوانە رۆژ بە رۆژ زیاتر تەریک دەخرێنەوە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەلایەن رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی لە ئێران ٣٦٩ کەس و لە عێراق ١٦٩ کەس ئیعدام کراون.
ئەوە لە کاتێک دایە کە بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی کوردپا، ٧٢٦ حاڵەتی ئیعدام لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی لەلایەن رێژیمی ئیسلامی ئێران رووی داوە.