کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆی سلێمانی دوکتورای شانازیی بە هونەرمەند مەزهەر خالقی بەخشی

11:55 - 13 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: زانکۆی سلێمانی لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا دوکتورای شانازیی بە مەزهەر خالقی، هونەرمەندی ناوداری کورد بەخشی.

ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۲ی بانەمەڕ، زانکۆی سلێمانی، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، بە بۆنەی خزمەتکردن بە هونەری نەتەوەی کورد، زیندووکردنەوە و پاراستنی هونەری ڕەسەنی کوردی و هەروەها کۆکردنەوە و ئارشیڤی کەلەپوورە کوردییەکان، بە بەشداریی دەیان کەس لە هونەرمەندان، ڕووناکیبران، شاعێران، کەسایەتییەکانی کورد و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت وەزیری خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوکتوری شانازیی بە مەزهەر خالقی، هونەرمەندی گۆرانبێژی ڕەسەنی کوردستان بەخشی.

لەو ڕێوڕەسمەدا، پاش پێشکەشکردنی دوکتورا شانازیی بەو هونەرمەندە کوردە، دوکتور یووسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد و لە بەشێکی وتارەکەیدا وتی: "هونەرمەند مەزهەر خالقی، خزمەتێکی گەورەی بە هونەری کوردی کردووە و زیاتر لە پەنجا ساڵە لە خزمەت بە هونەر کوردی و کۆکردنەوەی کەلەپوورە نەتەوەیییەکانی کورد دەکات، وەک چۆن لە هونەرەکەیدا خاوەنی مێلۆدییەکی تایبەت بووە و خزمەتێکی بێوێنەی کردووە، لە کۆکردنەوەی کەلەپوورە زارەکییە کوردییەکانیشدا زۆر لێهاتوو و بێوێنە بووە، مامۆستا مەزهەر شایانی ئەو بڕوانامەیەیە".

لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، هونەرمەند مەزهەر خالقی وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، کە لە بەشێکی قسەکانیدا، وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو بڕوانامەیە لە ئاستی خەڵاتە نێونەتەوەیییەکاندا، وتی: "زۆر دڵخۆشم بە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە پڕبایەخە، ئەم خەڵاتە بڕوانامەیەکی زانستییە و ڕێزلێنانی نەتەوەیەکە لە هەوڵ و تێکۆشانی من، بۆیە منیش هاوبەشی دەکەم لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەی کە بۆ خزمەتکردن بە هونەری کوردی هەوڵیان داوە".

هونەرمەند مەزهەر خالقی، لە ۱۳ی خەرمانانی ساڵی ۱۳۱۷ی هەتاوی، لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کورستان لە دایک بووە، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە خولیای کاری هونەری و گۆرانیبێژی دەبێت و لە لای "ڕۆستەم مۆقەدەس" فێری شۆلفێژ و مەقامی فارسی بووە، پاشان لە لای هونەرمەند "حەسەن کامکار"ەوە، پەرەی بە خولیاکەی و زانستی گۆرانی و مەقامگوتن داوە.

مامۆستا مەزهەر دوو بڕوانامەی بەکالۆرێسی فیزیک لە زانکۆی تاران و ماستەری لە بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازیدا وەرگرتووە.

مەزهەر خالقی، لە ساڵی ۱۳۵۵ی هەتاوی، لە ڕادیۆ کوردی شاری کرماشان کارە هۆنەرییەکانی دەست پێ دەکات و هەموو ڕۆژانی چوارشەممە، لە بەرنامەیەکی تایبەتدا گۆرانییەکی بڵاو کردووەتەوە، کە بەداخەوە لەو کاتەدا تەنیا بڵاو بوونەتەوە و تۆمار نەکراون، هەروەها لە ڕادیۆ تارانیش وەکوو وەرگیڕ، ڕیپۆرتێر و بێژەر کاری کردووە.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی، هونەرمەند مەزهەر خالقی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێ هێشتووە و هاتووەتە باشووری کوردستان و پاشان دەچێتە ئورووپا و لە شاری لەندەنی پێتەختی وڵاتی بریتانیا وەکوو پەنابەر ژیاوە، لە ساڵی ۲۰۰۲ی زایینیدا جارێکی تر  گەڕاوەتەوە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان و لە ساڵی ۲۰۰۳ی زایینیدا، لە ناوەندی ئادانی شاری سلێمانی دەستی بە کارکردن کردووە.

پاش چەند ساڵ چالاکی لەو ناوەندە، ناوەندی ئادانی شاری سلێمانی ناوی بۆ "ئەنستیتۆی کەلەپووری کورد" گۆڕدرا و هونەرمەند مەزهەر خالقی بووەتە بەرپرسی ئەو ئەنستیتۆیە کە تاکوو ئێستا زیاتر لە ۲۳۰۰۰ مێلۆدی کۆ کردووەتەوە و زیاتر لە ۳۰۰ کتێبی بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیسی چاپ و بڵاو کردووەتەوە، زیاتر لە ۶۰ هەزار وێنەی هەرچوار پارچەی کوردستانی کۆ کردووەتەوە، جیا لەو مێلۆدییانەی کە دایناوە، زیاتر لە ۲۰۰ بەرهەمی گۆرانی خۆی تۆمار و بڵاو کردووەتەوە.

لە ساڵی ۱۳۹۰ی هەتاوی، لە بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ، لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە هۆی دڵسۆزی و خزمەتکردنی هونەری کوردی خەڵات کرا.