کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٩ میلیۆن هاووڵاتیی سووری ئاوارە بوون

20:54 - 12 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: لە ماوەی ٣ ساڵ شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی سووریە هەتا ئێستا، ٩ میلیۆن کەس ئاوارە و زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس کوژراون.
بەپێی نوێترین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای شەڕ و نائارامییەکانی نێوخۆی سووریە تا ئێستا ٩ میلیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەو بوارەدا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردۆتەوە، دوو میلیۆن و چوارسەد هەزار هاووڵاتیی سووری بە فەرمی داوای پەنابەریان لە وڵاتانی دەرەوە کردووە.
ئامارەکان دەرخەری ئەوەن لە ماوەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە سووریە، ٦ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار هاووڵاتیی سووری لەنێو خۆی وڵاتدا ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵیان بەجێ هێشتووە.
بەپێی راپۆرتی چاودێرانی مافی مرۆڤ لە سووریە، لە سەرەتای شەڕ و نائارامییەکان کەلە مانگی مارسی ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە دەستی پێ کردووە، هەتا ئێستا ١٣٠ هەزار کەس کوژراون.
لە ماوەی سی وسێ مانگ لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی سووریە هەتا ئێستا، ٤٦ هەزار و ٢٦٦ هاووڵاتیی سڤیل، کە ٧ هەزار کەسیان منداڵ و زیاتر لە ٤ هەزاریان ژنن، لەو شەڕ و نائارامییانەدا کوژراون.