کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٢٠٠چالاكی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسی خوازیاری ئازاد كردنی برایانی كوردپوور بوون

15:34 - 26 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: ٢٣٠ چالاكی روژنامەنووسی و فەرهەنگی بە واژۆ كردنی نامەیەك داوایان لەدەزگا قەزاییەكانی رێژیمی ئێران كردووە كە هەر چی زووتر مەسعوود و خوسرەوە كوردپوور ئازاد بكرێن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەنامەی ئەو چالاكانەی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیدا هاتووە، ناوەندە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ‌هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنەر و جێگای باوەڕ ئەو دوو چالاكەی مافی مرۆڤەی دەسبەسەر كردووە.
لەبەشێكی دیكی نامەكەدا نووسراوە، ئەو هەڵسوكەوتەی هێزە ئەمنیەتییەكان تەنیا زەخت و گوشار خستنە سەر چالاكانی فەرهەنگی و مافی مرۆڤ دێتە ئەژمار.
ئەو ٢٣٠ چالاكە فەرهەنگیە وێڕای دەربڕینی پەرۆشیان لەو هەڵسوكەوتە بێ‌پاساو و نایاساییەكانی هێزەكانی ئێران، داواشیان لەدەزگا قەزاییەكانی ئێران كردووە كە هەر چی زووتر برایانی كوردپوور ئازاد بكرێن.

برایانی كوردپوور رێكەوتی ١٧و ١٨ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزەكانی سەر بە ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە شاری مەهاباد دەسبەسەر كران و دوای سێ حەفتە راگرتنیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا رێكەوتی ٨ی خاكەلێوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە ورمێ راگوێزران.
دوای زیاتر لە سی رۆژ لەدەسبەسەر كردنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە، رێكەوتی ٢١‌ی خاكەلێوە ماوەی دەستبەسەر كران(قەرار بازداشت)ی مەسعوود و خوسرەو كوردپوور، لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئێرانەوە بۆ ماوەی یەك مانگی دیكە درێژ كرایەوە.
بەپێی یاسای دەزگا قەزاییەكانی رێژیمی ئێران هەر هاووڵاتییەك كە لەلایەن هێزەكانی رێژیمەوە دەسبەسەر دەكرێت پێویستە هەتا ٢٤كاتژمێر تەفهیمی ئێتهام بكرێت.
هەر بەپێی یاساكانی دەزگا قەزاییەكان، ئەو كەسەی كە حوكمی قەرار بازداشتی هەیە دەبێ لە زیندانی گشتیدا و لە ژێر چاوەدێری دادوەری نازردا رابگیرێت و ئەمە لەحاڵێكدایە كە برایانی كوردپوور لەیەكەم رۆژی دەسبەسەركرانیانەوە لە ژوورە تاكەكەسییەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا راگیراون.