کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ زیندانیی بەندیخانەی \'\'شاری کورد\'\' بەهۆی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لە دەست دا

17:06 - 14 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا کە زیندانییانی بەندیخانەی شاری کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتیی لەهەمبەر دۆخی نالەباری زیندان هەڵیانگیرساندبوو، ١٢ کەس لەنێو دووکەڵی ئاگرەکەدا خنکان.
ماڵپەڕی \'\'سەحام نیووز\'\' بڵاوی کردەوە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، پاش مانگرتنی ژمارەیەک لە زیندانییانی بەندیخانەی \'\'شاری کورد\'\' لەهەمبەر پێڕانەگەیشتن بە بارودۆخی نالەباری زیندان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان لەمەڕ وەڵامدانەوە بە داخوازیی زیندانییان، بەشێکی دیکە لە زیندانییان بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە تەمێ کردنی هاوبەندییەکانیان جلوبەرگ و پێخەفەکانیان ئاگر تێبەر دا.

پاش ئەم رووداوە و تەشەنە سەندنی ئاگرەکە، بەرپرسانی زیندانی شاری کورد درگای بەندەکانیان داخستووە و پێشگیرییان لە هەرچەشنە یارمەتی و فریاکەوتنێک بەو زیندانییانە کردووە کە بەم هۆیەوە ١٢ زیندانی بەهۆی چڕبوونەوە دووکەڵی ئاگرەکە تووشی خنکان بوون و لە ئەنجامدا گیانیان لە دەست دا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسی زیندانی شاری کورد تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن ئاگادار دەکاتەوە، بەڵام پێش بە رووخاندنی دیوار کە تەنیا رێگەی فریاکەوتنی ئەو زیندانییانە و دەربازبوونیان بووە، دەگرێ.

دەوترێ ژمارەیەکی زۆریش لەم زیندانییانە کە بەهۆی ئەو ئاگرکەوتنەوە بریندار ببوون، رەوانە نەخۆشخانە کران.