کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانیی سیاسی بوونی نییە

22:14 - 15 رەزبەر 2717

کەریم پەرویزی

لە وڵاتێکی ژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و فاشیستیدا، شتێک بە ناوی زیندانیی سیاسی ناتوانێ مانایەکی هەبێ و ئاماژەیەک بۆ شتێکی راستەقینە نابێ. لە راستیدا چەمکی زیندانیی سیاسی دەتوانێ چەمکێکی چەواشەکارانە و بەلاڕێدابەرانە بێ.

زیندان بە پێی مانا و واتای خۆی و ئەو وێنایەی لە زێهنی تاکەکاندا دروستی دەکا، شوێنێکە کە تاکە سەرەڕۆکان و ئەوانەی لە نۆڕم و بەها کۆمەڵایەتییەکان لادەدەن یان چوارچێوەی ژیانی پێکەوەیی لە کۆمەڵگایەکدا دەخەنە ژێر پێ، تێیدا رادەگیرێن و دەبێ بە شوێنێک کە هەم سزای تاکی سەرەڕۆ و دژبەری یاسا دەدا و هەم حوکمی یاسا دەچەسپێنێ.

لەو کارکردە گشتییەی زینداندا، ئیتر هەر سیستەمێک چ دێموکراتیک و چ نیمچە دێموکراتیک و چ نادێموکراتیک بە پێی بەرژەوەندی و ئاکاری خۆیان کەڵک وەردەگرن و یاسا جیاوازەکان، شێوازی کەڵک وەرگرتن لە زیندان لە سیستمە جیاوازەکاندا دەستنیشان دەکەن.

لە رێژیمێکی فاشیستیی وەکوو کۆماری ئیسلامیدا، فاشیزمی داسەپێنراو و پەیڕەوکراو، هەموو قوژبنێکی ژیان داگیر دەکا و هەموو شت دەکا بە هێڵی سیاسی. لە راستیدا لە ژێر دەسەڵاتێکی فاشیستیدا ئیتر سیاسەت تەنیا بریتی نییە لە بیاڤە گشتییەکان کە تێیاندا دەسەڵاتی حکومەت و دەوڵەت دەستینشان دەکەن، بەڵکوو دەسەڵات و حوکم کردن و سیاسەت سەرتاپای کۆمەڵگا دەتەنێ و تەنانەت لە رەنگی جلوبەرگ و شێوازی جل‌پۆشین و تەنانەت نان و ئاوخواردنی ئاساییشدا رەنگ دەداتەوە.

لە ژێر حوکمی فاشیزمدا هەموو کردارێک دەبێ بە سیاسی چوونکە فەرمانی بۆ هەموو شت هەیە و خەڵکیش لە هەموو شتێکی سادە و ئاڵۆز بۆ دژایەتیی فەرمانەکانی کەڵک وەردەگرن.

لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتداریی داسەپێندراو لە ئێراندا تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە کە لە سیستمە فاشیستییەکانی دیکەش جیاوازتری دەکا، ئەویش بێ‌ئەخلاقی بەرامبەر بە هەموو نۆڕمەکانی کۆمەڵگا و جیهانە و جگە لە زمانی زۆر و چەقۆ هیچی دیکە ناناسن. بەو پێیە تایبەتمەندیی رێژیمێکی شارلاتانیان تێدا زەق دەبێتەوە. لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا حکومەتی فاشیستی هەموو سنوورەکان دەبەزێنی و دەبێ بە حکومەتی شارلاتانەکان؛ لەوەها سیستمێکدا، ئیتر زیندانی مانایەکی نییە، بەڵکوو ئەوانەی کە دەسبەسەریان دەکا بارمتە یان گرەوگانن، کە شارلاتانەکان لەبەرامبەر ئازادکردنیاندا پارە وەردەگرن.

بەو پێیە لە کۆماری ئیسلامیدا هەموو شت دەبێ بە مەوزووعی سیاسەت؛ حکومەت لە رێگا و شێوازی شارلاتانی، بۆ سەپاندنی حوکمەکانی کەڵک وەردەگرێ و کوردبوون خۆی ئەوپەڕی سیاسەتە لە ئێراندا!

لێرەوەیە کە بەباشی تێدەگەین کە بۆچی کۆماری ئیسلامی لە رووداوێکی ئاسایی وەکوو خۆشی دەربڕینی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵاتدا بە سەدان کەس بە بارمتە دەگرێ و بە بنەماڵەکانیان دەڵێ کە دەبێ گرەوێکی سەد میلیۆن تمەنی دابنێن تا ئازیزەکانتان بەر بدەین!

لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی فاشیستی شارلاتانیدا، زیندانی هیچ مانایەکی نییە تاکوو جۆرە سیاسییەکەشی هەبێ! بەڵکوو وەک لە کردەوەشدا سەلماندوویانە، ئەوان خەڵک بە بارمتە دەگرن تاکوو بە پارەیەک ئازادیان بکەن! ئەوانە زیندانیی سیاسی نین، بەڵکوو گرەوگانن لە دەستی شارلاتانەکاندا.