کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییانی ئێرانیی دەرەوەی وڵات و هەواڵەکانی رێژیم لەمەڕ ئازاد کردنیان

16:29 - 13 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: نزیک بە ٣ هەزار و ٥٠٠ ئێرانی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە و رێژیمی ئیرانیش دەڵێ لە ساڵێکدا یەک لەسەر سێی ئەو زیندانییانە ئازاد دەکەین.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئاستی باڵوێزخانە و وەزارەتی کاروباری دەرەوە و تەنانەت شەخسی وەزیری دەرەوە، زیاترین هەوڵی خۆی لەمەڕ ئازادیی زیندانییانی مەحکوومکراو لە دەرەوەی وڵات دەدا.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە: هەنووکە نزیک بە ٣ هەزار و ٥٠٠ ئێرانی لە زیندانەکانی وڵاتانی بیانی دان.

ئەو بەرپرسە هەروەها راشیگەیاندووە: ئێمە هەموو هەوڵەکانی خۆمان بۆ زیندانییانی دەرەوە لە تەرخانکردنی بوودجە بگرە هەتا دابینکردنی وەرگێڕ و وەکێڵ دەخەینە گەڕ.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا کە ئازادکرانی زیندانییانی دەرەوەی ئێران بە ئەرکی خۆی دەزانێ کە زۆربەیان بە تاوانی سەودای ماددە هۆشبەرەکان سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە.

کوەیت به ٢٣٠ زیندانی، عێراق ١٩٠، ئازەربایجان ٢٠٠، ژاپۆن ٣٠٠ و تایلەند ١٧٠، زیاترین رێژەی زیندانییانیان لە وڵاتانی دەرەوە لەخۆگرتووە.

ئیدیعای یەک لەسەر سێی ئازادیی زیندانییانی ئێرانیی دەرەوەی وڵات لە ماوەی یەک ساڵدا لە کاتێک دایە کە رێژیمی ئێران لە ساڵەکانی نێوان ١٣٨٧ هەتا ١٣٩٢ی هەتاوی تەنیا توانیویەتی ٥٣٨ کەس لەو زیندانییانە بگەڕێنێتەوە وڵات، واتە لە هەر ساڵێکدا ٨٩ زیندانیی ئازاد کردووە کە لەگەڵ ژمارەی \'\'یەک لەسەر سێ\'\' جیاوازییەکی زۆری هەیە.

یەک لەسەر سێی تێکڕای زیندانییانی دەرەوەی وڵات نزیک بە ٧٠٠ کەس راگەیەنراوە.

ماددەی هۆشبەر و چوونەژوورەوەی نایاسایی لە گرینگرین هۆکارەکانی بەندکرانی ئێران و مەحکوومکرانیان بە زیندان لە دەرەوەی وڵاتە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە هەوڵی بڵاوکردنەوە و سەودای ماددە هۆشبەرەکان دایە و لە هەموو توانایەوە پاڵپشتیی باندەکانی تایبەت بە ماددە هۆشبەران دەکات.

لە ساڵی رابردوودا چەندین ژن و خوێندکاری ئێرانی کەلە وڵاتی مالیزی بە تاوانی ماددەی هۆشبەر گیراون، لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە سزای ئیعدامیان بۆ بڕایەوە کە ئەوانیش لە پاڵپشتیی رێژیمی ئێران بێبەری بەبوون.