کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسیی کورد بۆ زیندانی ئەراک راگوێزرا

16:00 - 28 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: سمکۆ خلقەتی زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد لە زیندانی ئێوینی تارانەوە بۆ زیندانی ئەراک راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سمکۆ خلقەتی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد کە لە بەندی ٧ی زیندانی ئێوینی تاراندا لە دەستبەسەری دابوو، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی بۆ زیندانی شاری ئەراک راگوێزرا.

سمکۆ خلقەتی، کە بڕوانامەی کارناسیی ئەندازیاری مێتالۆژی هەیە لەدامەزراوەی ناوکیی ئەراک وەکوو ئەندازیار سەرقاڵی کارکردن بوو کە رێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٨٨ی هەتاوی لەو دامەزراوە ناوکیییە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران دەستبەسەر کرا.
.
خلقەتی دوای دەستبەسەرکرانی بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێوین راگوێزرا و دوای ئەشکەنجە و گوشاری زۆر لەلایەن بەرپرسانی زیندانی رێژیمەوە بۆ ماوەیەک لە زیندانی رەجایی‌شار و دواتریش لە بەندی ٣٥٠ی ئەویندا لە دەستبەسەری دابووە.

ئەو زیندانییە کوردە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ئەراکەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیم ئیسلامیی ئێران بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە تەئید کرایەوە.

سمکۆ خلقەتی خێزاندار و کچێکی تەمەن ١١ ساڵانی هەیە.