کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە ٥ هەزار کەس بەهۆی پیس بوونی هەوا لە ئێران گیان لەدەست دەدەن

19:29 - 29 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: بەرپرسی کونترۆڵی هەوای شاری تاران، مەرگی ساڵانە ٤ هەتا ٥ هەزار هاووڵاتیی بە هۆی پیسیی هەوا بڵاو کردووەتەوە.
یووسف رەشیدی بەرپرسی کونترۆڵی گشتیی هەوای شاری تاران رایگەیاندووە، بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، لەم چەند رۆژەی دواییدا لە بواری هەواوە شاهیدی پیس‌ترین و ناتەندروست‌ترین رۆژەکانین.
ناوبراو لەو پێوەندییەدا گوتی: لە سالی رابردوودا ٣٢٠ رۆژ هەوای شاری تاران لە هەلومەرجی ناتەندروستدا بووە.
بەرپرسی کونترۆڵی پیسیی هەوای شاری تاران راشیگەیاندووە: تەنیا ماتۆڕ سیکلێتەکان ٤ هێندەی ماشینەکان هەوای دەوروبەرمان لە ئێراندا پیس دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهان شاری سنە لە کوردستانی ئێران وەکوو سێیەمین شاری پیسی جیهان و شاری ئەهواز وەکوو یەکێک لە شارە پیسەکانی جیهان لەقەڵەم داراوە.
بەرهەمهێنانی بەنزینی خراپ و هاتنی گەردیلەکانی تەپوتۆزی بیابانەکانی عەرەبستان و عێراق لە هۆکارەکانی دیکەی پیس بوونی هەوای شارەکانی ئێران دێتە ئەژمار.