کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سلێمانی/ بەشداری شاندی حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەری

15:24 - 14 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا:شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی بەشداریان لە کۆنفڕانسێکی ناوەندی میترۆ کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی محەممەد ساحیبی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکان لە سەر بانگهێشتی فەرمی لە کۆنفڕانسی میترۆ لە هۆڵی سلێمانی پاڵاس بەشدار بوون.

سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە شەهیدانی رۆژنامەنووس دەستی پێکرد.

پاشان وتارێک لە سەر بارودۆخی رۆژنامەنووسانی کوردستان لەلایەن رەحمان غەریب سەرۆکی سەنتەری میترۆ، پێشکەش کرا.

دواتر باسێک لە سەر گۆتاری توندوتیژی لەلایەن بەشێک لە بانگخوازانی هەرێمی کوردستان کە لە رێگای میدیای ئیسلامییەکان و ماست میدیا بە دژی ژنان، پێشمەرگە و ئازادییەکانی دیکە و رێگە چارە بۆ پێشگرتن لەو وتارانە لەلایەن ئاریان محەممەد ئەندامی سەنتەری میترۆوە پێشکەش کرا.

بەشێکی کۆنفڕانسە تەرخان کرابوو بۆ دوو وتاری دیکە لە سەر بارودۆخی رۆژنامەگەری لە هەرێم و وتاری یەکیەتیی زانایانی ئاینیی کوردستان کە لەلایەن مامۆستا نەجمەدین قادر سەرۆکی لقی سلێمانی ئەو یەکیەتییە پێشکەش کرا.