کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو لە قامیشلوو بەڕێوەچوو

22:31 - 22 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ سمیناریک لەلایەن رۆشنبیرانی کوردستانی سووریەوە بە بەشداری ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی و نووسەری کورد لە شاری قامیشلوو پێکهات.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، سمینارێک لە ناوەندی رۆشنبیریی \'\'ئاسۆ\'\'ی شاری قامیشلوو لە کوردستانی سووریە بەڕێوەچوو.

ئەو سمینارە بە خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، شەهیدی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد و دواتر \'\'کۆنە رەش\'\' نووسەر و هەڵبەستوانی کورد لە یادی ٢٥ ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوودا شێعریکی پێشکەش کرد.

دواتر مامۆستا \'\'دەروێش غالب\'\' یەکێک لە دۆستانی دوکتور قاسملوو بابەتەکەی لە دوو بەشدا، \'\'خەبات و بەرخۆدانی دوکتور قاسملوو\'\' و \'\'بیرەوەرییەکانی لەگەڵ دوکتور قاسملوو\'\' پێشکەش کرد.

پاش پێشکەش کردنی باسێکی تێر و تەسەل لەسەر دوکتور قاسملوو، ناوبراو دوکتور قاسملووی بە کەسێکی هێمن و چەپێکی دێموکرات ناساند و بە وردی لەسەر تیرۆری دوکتور قاسملوو بۆ بەشدارانی سمینارەکە دوا.

هۆکاری شەهیدبوون و هەروەها ئەو داوەی کە بۆ دوکتور قاسملوو دانراو و پێوەندیی دوکتور قاسملوو لەگەڵ لایەن و کەسایەتییەکانی کوردستان، بەشێکی دیکەی لە قسەکانی \'\'دەروێش غالب\'\'ی پێک هێنابوو.

غالب وتیشی: رێبوارانی رێبازی قاسملوو لە درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان بەردەوامن و هەتا ئامانج و ئارمانەکانی دوکتور قاسملوو وەدی بێنن.

لەو سمینارە کۆمەڵێکی بەرچاو لە رۆشنبیران و نووسەران و هەروەها ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسیی کورد بەشدار بوون کە راو بۆچوونی خۆیان لەسەر کەسایەتیی دوکتور قاسملوو دەربڕی.