کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان لە وڵاتی نوروێژ بەڕێوەچوو

14:41 - 1 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٢١ـەمین ساڵڕۆژی شەهید بوونی دوکتور شەرەفکەندی لە شاری ئۆسلۆ پایتەختی وڵاتی نوروێژ، سمینارێک بەڕێوەچوو.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـــ نوروێژ بەبۆنەی ٢١ـەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی سمینارێکی بۆ تاهیر عەلیار و قاسم قارەمانی، رێکخست.
ئەو سمینارە لە شاری ئۆسلۆ پێتەختی وڵاتی نوروێژ و بە پێشکەشکاریی \'\'پەریخان رەشیدیان\'\' بەڕێوەچوو.
سمینارەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی میکۆنۆس دەستی پێکرد.
دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ نوروێژ، لەلایەن \'\'رەسووڵ ئەحمەدی\'\'یەوە پێشکەش کراو و دوابەدوای ئەوەش پەیامی کۆمیتەی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نوروێژ لەلایەن \'\'وەفا مستەفاپوور\'\'ـەوە خوێندرایەوە.
پاشان برووسکەی ماتەمینی \'\'کۆمەڵگای ئاشتی و گەشەپێدانی کوردستان (جاپک)\'\' بەبۆنەی ٢١ـەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدانی میکۆنۆس خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو سمینارەدا بەڕێز \'\'قاسم قارەمانی\'\' وەکوو یەکەم کۆڕگێری سمینارەکە، چەند وتەیەکی لەسەر یاد و بیرەوەرییەکانی لەگەڵ شەهید دوکتور شەرەفکەندی و بیر و بۆچوونی دوکتور سادق لەسەر پرسی نەتەوەیی کورد لە جیهان، پاراستنی سەربەخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و رۆڵی ئەو رێبەرە لە پێشکەوتنی حیزب و بەرپەرچدانەوەی پیلانەکانی رێژیم بەرانبەر بە گەلی کورد و پاراستنی دەسکەوتەکانی حێزب پێشکەش کرد.
دواتر پەیامی کۆمیتەی یەکیەتییەکان ژنان و لاوان و کۆمەڵەی کوردی، لەلایەن بەڕێز \'\'مونیر جیهانی\'\'یەوە پێشکەش کرا.
پاشان بەڕێز \'\'تاهیر عەلیار\'\' وەکوو کۆڕگێڕی دووهەمی سمینارەکە، باسێکی لەسەر رووداوەکان ساڵەکانی ١٣٤١ هەتا ١٣٥٠ی هەتاوی کە لەو ماوە زەمەنییەدا دوکتور سەعید مامۆستای قوتابخانەکانی مەهەباد بوو، پێشکەش کرد.
دوورخرانەوەی دوکتور سەعید لە مەهابادەوە بۆ قوتابخانەکانی ئەراک، دادگای میکۆنۆس و بڕیارەکانی ئەو دادگایە، چەند بابەتێکی دیکە بوون کە لەلایەن \'\'تەهیر عەلیار\'\'ـەوە هاتنە بەر باس.
لە نێو ئاخنی ئەو سمینارەدا کۆمەڵێک سروود و گۆرانیی شۆڕشگێڕانە لەلایەن کۆڕی سروودی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کران.