کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک لە وڵاتی سوید بەبۆنەی یادی ٢٢ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنووس بەڕێوەچوو

12:59 - 1 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، بە بەڕێوەبردنی سمینارێکی تایبەت، یادی شەهیدانی میکۆنووسی بەرز راگرت.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شه‌ممه‌، رێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، سمینارێک سه‌باره‌ت به‌٢٢ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور سەعید شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، فەتاح عەبدولی، هومایۆن ئەردەڵان و نووری دێهکوردی، له‌ستۆکهۆڵم پایتەختی وڵاتی سوید بەبەشداریی چەند ئەندامێکی رێبەرایەتیی حیزب و رێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکرات و بەشێکی زۆر لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید و هەروەها نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسی و کەسایەتییە ناودارەکانی دانیشتووی سوید به‌ڕێوه‌چوو.

ئەو سمینارە به‌سروودی نه‌ته‌وایه‌تی \'\'ئه‌ی ره‌قیب\'\' و خولەکێک بێ ده‌نگی بۆ رێزگرتن له‌گیانی پاکی هه‌موو شه‌هیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی میکۆنووس ده‌ستی پێکرد.

پاشان لەلایەن بەڕێوەبەری سمینار، عەزیز مورادپەرستـەوە به‌خێرهاتنی میوانان، سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسی و مەدەنییە جۆراوجۆرەکانی به‌شداربووی سمینارەکە کرا.

په‌یامی کۆمیته‌ی سویدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو سمینارە له‌لایه‌ن ئەنوەر کاکایی، به‌رپرسی کۆمیتەوە‌خوێندرایەوە.

کاکایی لە پەیامەکەیدا وتی، لێرەدا کۆبووینەتەوە تا ئەو جینایەتە سامناكە دژە مرۆییە مەحكووم بكەین و بێزاریی خۆمان لە تيرۆریزم و رێژیمی تیرۆریست‌پەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەرببڕین و ڕێگە نەدەین ئەو تاوانە قێزەونەی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبیر بکرێت.

کاکایی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە د. سادق شەرەفكەندی ئەو سەركردە بەوەج و لێهاتوویە بوو كە پاش تێروری رێبەری مەزنمان د. عەبدولڕەحمان قاسملوو رێبەرایەتيی حیزبی دێموكراتی گرتە ئەستۆ و بەتواناکانی و لێهاتوویی خۆی ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازيی ئەو حیزبەی بەرز و پێرۆز راگرت و رێگای نەدا پیلانی دژەگەليی رێژیمی ئاخوندی ئێران سەر بكەوێت.

هەر لە درێژەی پەیامی کومیتەی سویددا هاتبوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەستکردن بەو لێوەشاوەیی و خۆڕاگرییەی د. شەرەفكەندی ترسێکی گەورەی لێ نیشتبوو هەر بۆیە لە ئاکامدا بڕیاری تیرۆری ئەو رێبەرەی دابوو.

لە به‌شی دووهه‌می سێمینارەکەدا، قاسم قارەمانی و محەممەد مۆهتەدی وتارەکانی خۆیان کە بەو بۆنەوە ئامادەیان کردبوو، پێشکەش کرد.

سه‌ره‌تا قاسم قارەمانی باسی لە شێوەی کاری تەشکیلاتی و مودیریەتی د. سەعید و شیاو و لێهاتوویی ناوبراو بۆ ئەو پۆستە و لێوەشاوەیی د. سەعید وەک جێگرێکی شایستەی د. قاسملوو، کرد.

قارەمانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی پێداگری لە سەربەخۆ بوونی حیزب، و پەیامی قاتعی ئەو شەهیدە مەزنەی کرد، کە پاش شەهید بوونی د. قاسملوو لەو ماوە کورتەدا هەنگاوی بۆ هەڵگرتبوو. ناوبراو وتارەکەی بە وتەیەکی د.شەرەفکەندی کۆتایی پێهێنا، کە دەڵێ د. قاسملووی مامۆستا و رێبەرمان شەهید بووە، بەڵام شۆڕش ناوەستێ و هەر بەردەوام دەبێت.

پاشان کۆڕگێڕی دووهەم محەممەد موهتەدی بە شیعرێکی شاعیری نەمر پیرەمێرد کە دەڵێ پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گری...... دەستی پێکرد و گوتی بیرەوەری شەهیدانی سەرکردەی کورد مێژووی نەتەوەکەمان پێناسە دەکات و ناهێلێت خەباتەکەمان بێ رەنگ و ئاڵاکەمان نەوی بێت. هەر لە درێژەی ئەو باسەدا پێی وابوو بیرەوەری ئەو رۆژانە هۆکارن بۆ بەیەکەوە گرێدەدانی نەوەکانمان و بەردەوام بوونیان لە خەبات و هەروەها لەبیر نەکردنی حافزەی مێژووی خۆیان بۆ هەمیشە.

موهتەدی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد کە د. سعید باش توانیوێتی ئەزموونی زانکۆ بهێنێتە شاخ و هەموو لایەنەکانی ئەنالیزە دەکرد و بەقازانجی شۆڕش کەڵکی وەردەگرت. گوتیشی د. سەعید ئێستا لە گڵکۆکەشی‌دا هاندەر و سەرچاوەی ئیلهامە بۆ لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە خەبات و تێکۆشاندا. ناوبراو کۆتایی وتارەکەی بە شێعرێکی شەهید سەیفی قازی تەواو کرد.
په‌یام و بروسکە ماتەمینییانەکانی ئەو حیزب و رێکخراوانەی کە بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانانەوە پەیامیان بۆ سمینارکە ناردبوو بریتین لە:

پەیامەکان :
ــ پەیامی فێدراسیۆنی کۆمه‌ڵه‌کوردستانیه‌کان لە وڵاتی سوید، له‌لایه‌ن پرشنگ توانا
ــ پەیامی کۆمیته‌ی هاوکاریی هێزه‌ سیاسییە کورد و کوردستانیه‌کان کە پێکهاتووە لە ٢٧ حیزبی کوردی، له‌لایه‌ن رزگار سەعید.
ــ پەیامی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن فایق سەرچناری
ــ پەیامی ٣ رێکخراوی مەدەنی یارسانەکان لەلایەن عەلی ئەسغەر خوسرەوی

برووسکە ماتەمینییەکان :
ــ برووسکەی ماتەمینی کۆنگەرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ
ــ برووسکەی ماتەمینی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لێژنەی ناوچەی پارتی سوید
ــ برووسکەی ماتەمینی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان کۆمیتەی سوید
ــ برووسکەی ماتەمینی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران / کۆمیتەی ستۆکهۆلم
ــ برووسکەی ماتەمینی پارتی سوسیالیستی کوردستان/ سوید
ــ برووسکەی ماتەمینی پارتی دیموکراتی کوردستانی باکوور/ سوید
ــ برووسکەی ماتەمینی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران/ سوید
ــ برووسکەی ماتەمینی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران / سوید
‌‌ــ برووسکەی ماتەمینی ناوەندی یەکیەتیی کوردان لە سوید