کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێکی دوو رۆژە لەژێر ناوی \'\'گۆڕانکارییەکان ناوچە، داهاتووی ئێران\'\' لەلایەن CNFIەوە بەڕێوەچوو

16:45 - 29 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: دۆخی ئوپۆزسیۆنی ئێران، میکانیزمە گونجاوەکان بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران، ریفۆرم لە رێژیمی ئێران و کێشەی ئیسڵاح تەڵەبی کۆمەڵە بابەتێک بوون لەو سمینارەدا باسیان لەسەر کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا رۆژانی شەممە و یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ و ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، سمینارێک لەژێر ناونیشانی \'\'گۆڕانکارییەکانی ناوچە، داهاتووی ئێران\'\' بە بەشداریی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامانی CNFI، کەسایەتیی حیزبی و سیاسییەکانی ئوپۆزسیۆنی ئێران و کۆمەڵێک میوان لە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە شاری ستۆکهۆڵم لە وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو.

رۆژی یەکەمی ئەو سمینارە (شەممە رێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕ) لە سێ پانێل پێکهاتبوو. پانێلی یەکەم لە ژێر ناونیشانی \'\'ئوپۆزسیۆن و روانگەی داهاتووی سیاسیی ئێران\'\' سێ وتار لەلایەن زیائەدین سەدرولئەشرافی ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ سەربە نەتەوەی ئازەری، عەلی رەزا ئەردەبیلی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی بزووتنەوەی فیدراڵ دێموکراتی ئازەربایجان و سیروس مەلەکووتی چالاکی سیاسی پێشکەش کران.

پانێلی دووهەمی ئەو سمینارە لەژێر ناونیشانی \'\'ریفۆڕم و سڕینەوەی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیدا\'\' بەڕێوەچوو، کە تێیدا هەرکام لە مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، ناسر بۆلەیدەیی وتەبێژی حیزبی خەڵکی بەلووچستانی ئێران، جوما بۆرش نوێنەری رێکخراوی بەرگری لە مافەکانی نەتەوەی تورکەمەن، وتاری خۆیانیان پێشکەش کرد.

مستەفا هیجری لە وتارەکەیدا وتی: رێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ چەشنە پۆتانسیەلێکی رێفۆرمی تێدا نییە و هۆکاری ئەمەش بۆ زاڵبوونی دەسەڵاتێکی تاکڕەوی ئایینییە بەناوی نیهادی ویلایەتی فەقیهـ ، کە دەسەڵاتێکی بان یاسایی هەیە و پێش بە دروستبوونی وڵاتێک دەگرێ کە زۆرینە لە هەموو ئاستەکاندا بپارێزێت.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو سمینارەدا وتیشی: یەکگرتوویی ئوپۆزسیۆن و ئازادیخوازانی ئێران پێویستییەکە بۆ ئەوەی ئەو ئوپۆزسیۆنە، یەکگرتوو و هەماهەنگ بتوانێ داهاتوویەکی دێموکراتیک بۆ ئێران تەزمین بکات.

لە پانێلی سێیەمیشدا کە لەژێر ناونیشانی سیستەمی سیاسیی داهاتووی ئێران و میکانیزمە گونجاوەکان بۆ دامەزراندنی دێموکراسی و مافی مرۆڤ\'\' بۆ یاسین ئەهوازی چالاکی سیاسی، رەحیم بەندۆیی چالاکی بەلووچ، ئەسفەندیار مونفەردزادە چالاکی سیاسیی فارس و ئیرەج میسداقی چالاکی بواری مافی مرۆڤ، پێکهات و وتاری خۆیانیان پێشکەش کرد.

لە هەرکام لەم پانیلانەدا بەشداران را و سەرنج و تێبینییەکانیان ئاراستە کرد و لەلایەن کۆڕگێڕانی سمینارەکەوە وەڵامیان درایەوە و بەم شێوە رۆژی یەکەمی سمیناری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ کۆتایی پێهات.

لە رۆژی دووهەم و کۆتایی سمیناردا کەلە دوو پانێل پێکهاتبوو، هەرکام لە عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، شەهریار ئاهی چالاکی سیاسی و رەئووف که‌عبی لە رێبەرانی یەکیەتیی فیداییانی خەلقی ئێران وتارەکانیان پێشکەش کرد.

موعتەسەم تاتایی مامۆستای زانینگە و ئابووریزان لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا باسێکی لەژێر ناوی ئابووریی ئێران پێشکەش کرد و بەم شێوە سمیناری \'\'گۆڕانکارییەکانی ناوچە، داهاتووی ئێران\'\' پاش دوو رۆژ کاری بەردەوام کۆتایی پێهات.