کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە و ئورمیە/ تیرۆریزمی دەوڵەتیی ٢٢ی پووشپەڕی ٦٨ مەحکووم کرا

15:39 - 25 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە چالاکیی بەردەوامی تێکوشەرانی دێموکرات لە فەزای گشتیی شار و گوندەکانی پارێزگاکانی ئورمیە و سنەدا مەحکووم کرا.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوابەدوای چالاکیی بەردەوامی تێکۆشەرانی دێموکرات و رووماڵی بەربڵاوی میدیایی ئەو چالاکییانە لە بەربەرەی ٢٢ی پوشپەڕ و ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، عەبدوڵڵاقادری ئازەر و دوکتور فازڵ رەسووڵ، تیرۆریزمی دەوڵەتیی رێژیمی ئێران لە ئورمیە و سنە بە شێوەیەکی بەرین مەحکووم کرا.

لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییانی ئازەری زمانیش، بە دەنگدانەوەی بەرینی ٢٥مین ساڵیادی کارەساتی ڤییەن لە رێگەی چالاکیی تەبلیغیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، هاودەردیی خۆیان لەگەڵ هاونیشتمانییانی کورد لە پارێزگای ئورمیەدا دەربڕی.

بەهۆی جموجۆڵ و هەڵسوکەوتی سیمبۆلیکی هاووڵاتییانی کورد لە شار و گوندەکانی کوردستان لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ، ئاڵوگۆڕێکی بەرچاوی لەگەڵ رۆژانی دیکە بە دی دەکرا کە ئەمەش دژکردەوەی توندی هێزەکانی رێژیمی لێ کەوتەوە.

لەبەر کردنی جلوبەرگی کوردی، داخرانی بەشێک لە دووکانەکان بە شێوەی خۆڕسک، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و هەروەها ئاڵای شینی ئاسمانی لە ناوچە جیاوازەکان بەشێک لەو جموجۆڵە سیمبۆلیکانەیە کە لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئەنجام دراوە.

ناردنی کورتە نامە لەلایەن هاووڵاتییانە بۆ یەکتر و دووپات کردنەوەی پەیمانی ئەمەگناسی بە رێبازی شەهیدان بەشێک لەو چالاکییانەی پێکهێنابوو.