کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە/ درێژەی رەوتی بەرزبوونەوەی تەڵاق و دابەزینی هەژماری پێکهێنانی ژیانی هاوبەش

12:44 - 13 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: رەوتی زیادبوونی ئاماری تەڵاق و کەم‌بوونی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە پارێزگای سنەدا هەروا درێژەی هەیە و هەنووکەش لە بەرامبەر پێکهێنانی ٥ ژیانی هاوبەش یەک حاڵەتی تەڵاق لەو پارێزگایە تۆمار دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان و بە پشت بەستن بە ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی پارێزگای سنە، ئاماری پێوەندیدار بە پێكهێنانی ژیانی هاوبەش لەم پارێزگایە لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا رووی لە کەمی کردووە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لەم ماوەیەدا، ئاماری تەڵاقەیش بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو رووی لە زیادبوون کردووە.

لەم ماوەیەدا، سێ هەزار و٤٠٠ حاڵەتی تەڵاق تۆمار و ١٨ هەزار و ٥٠٠ ژیانی هاوبەش پێکهاتووە.

ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە لە هەر یەک تەڵاق لە بەرامبەر پێكهێنانی ٥ ژیانی هاوبەش لە پارێزگای سنەدا روو دەدات.

زیادبوونی تەڵاق و کەم بوونی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە پارێزگای سنەدا لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە درێژەی رەوتی بەرزبوونەوەی تەڵاق و کەمبوونەوەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بەنیسبەت ساڵی ٩١دا بووە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، تەڵاق لە ئێران لە نێوان ساڵەکانی ١٣٦٥ هەتا ١٣٧٦ داکشانی بە خۆیەوە بینیوە، لە ساڵی ١٣٧٦ هەتا ١٣٨٣ لە جێی خۆی ماوەتەوە و لە ١٣٨٣ هەتا ئێستا رووی لە بەرزبوونەوەیە.

لە هەر یەک کاتژمێر لە ئێراندا ١٦ حاڵەتی تەڵاق روودەدات وئێران پاش ئامریکا، دانمارک و میسر، چوارمین وڵاتی پڕ لە تەڵاق هەژمار دەکرێت.