کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوودان/ پرۆپاگەندای مەزهەبی، داخرانی ٣ ناوەندی \"کلتووری\"ی رێژیمی ئێرانی بەدواوە بوو

16:26 - 12 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی وڵاتی سوودان، ٣ ناوەندیی بەناو کلتووریی رێژیمی ئێرانیان داخست و راوێژکاری فەرهەنگیی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بە هۆی پەرەپێدان و پرۆپاگەندا بۆ مەزهەبی شیعە لەو وڵاتە دەرکرد.
هەواڵدەریی رویتێرز بڵاوی کردەوە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١١ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، کاربەدەستانی وڵاتی سوودان لە بڕیارێکدا بە بالوێزخانەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە خارتووم پایەتەختی ئەو وڵاتەیان راگەیاندووە که دەبێ لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا ئەو ٣ ناوەندە بەناو کلتووریـیە دابخرێن و پێرسۆنێلەکانیشیان سوودان بەجێ بێڵن.

بەرپرسێکی وڵاتی سوودان ئاشکرای کرد، هەر سێ ناوەنده بەناو کلتوورییەکەی رێژیمی ئێران، بەهۆی چالاکیی مەزهەبی لە ژێر ناوی چالاکی کلتووری و پەرە‌پێدانی مەزهەبی شیعە لە وڵاتی سوودان داخراون.

بە پێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، کاربەدەستانی سوودانی، دوای ئەوەی کە پەیامی هەڕەشەی ئاگرتێبەردانی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە پایەتەختی ئەو وڵاتەیان پێ گەییشتبوو ژووری پێوەندیی کلتووریی رێژیمی ئێران لەو پیشانگەیانە داخستبوو.

کۆتایییەکانی ساڵی رابردووی زایینی، لە وڵاتی سوودان کۆنفڕانسێک بەڕێوەچوو و لەم کۆنفڕانسەدا کاربەدەستانی سوودان نیگەرانیی خۆیان لەمەڕ هاتنەگۆڕێی فیتنەی فرقەیی و پەرەسەندنی مەزهەبی شیعە لەو وڵاتە دەربڕیبوو.

رێژیمی ئیسلامی ئێران، لەلایەن رێکخراوە جیهانی و ناوچەییەکانەوە بەردەوام بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە و ئاژاوەنانەوە بە تایبەتی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەحکووم کراوە.