کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سویس/ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ٢٢ـە‌مین ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی

15:11 - 8 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ سویس بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانانەوە، ٢٢ـەمین سالڤەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، رێوڕەسمێکی بەڕێوەبرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەبۆنەی ٢٢ـەمین ساڵڤەگەڕی کارەساتی میکۆنووس و بۆ رێزگرتن لە یاد و ناو و خەباتی شەهید دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ سویس رێوڕەسمێکی بەڕێوەبرد.
رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی میکۆنووس دەستی پێکرد.
لە پانێلی یەکەمی ئەم رێوڕەسمەدا، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ سویس بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لەلایەن حامید کەلامیـەوە  پێشکەش کرا.

پاشان کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  کە لە رێگای سکایپەوە بەشداری رێوڕەسمەکە بوو وتارێکی پێشکەش کرد.
کەریم پەرویزی لە سەرتای باسەکەیدا ژیانی دوکتور سەعیدی بە سێ قۆناغ دابەش کرد، قۆناغی یەکەم کە سەرەتای ئاشنابوونی دوکتور سەعید لەگەڵ دوکتور قاسملوو بوو کە لە سەردەمی خۆێندن لە فەڕانسە و ئەندامەتی لە حیزب و هەروەها ئاماژەی بە پێگەی و جێگای ئەو کاتی حیزب و دۆخی نالەباری ئەو سەردەم کرد.
پەرویزی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە قۆناغێکی دیکەی ژیانی دوکتور سەعید کرد کە قۆناغی جێگریی دوکتور قاسملوو بوو.
ناوبراو هەر لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە قۆناغی سێهەم کرد واتا دوای شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو، کە دوکتور سەعید لەم قۆناغەدا شان دەداتە بەر ئەو بەرپرسایەتیە قۆرسەی رێبەرایەتیی حیزبێکی شۆڕشگێر و گەورە و خاوەن نفوزی وەک حیزبی دێموکرات کە دوکتور قاسملوو تیۆریی سیاسیی نوێی بۆ داڕشتووە.
لەم قۆناغەدا، دوکتور سەعید رۆڵێکی گرینگ دەگێرێت و دەبێتە رێبەرێکی گەورە، ئەویش لە کات و سەردەمێکی هەستیاردا کە هاوکات لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بلووکی سۆڤییەت وهەروەها هێرشی عێراق بۆ سەر کۆوەیت و پێکهاتنی هەرێمێکی ئەمن بۆ کوردەکانی باشووری کوردستان.
بەشێکی دیکەی وتارکەی پەرویزی، بە پێشکەش‌کردنی باسێک سەبارەت بە دۆخی ئێستای کورد و هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکە تەرخان کرابوو.

کەریم پەرویزی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆتایی وتارەکەیدا، وێڕای یاد کردنەوە لە کاک فەتاح عەبدولی و هۆمایون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی یادی دوکتور سەعید و هەموو شەهیدانی بەرز نرخاند.
پاشان فیلمێکی دێکۆمێنتاری لە سەر ژیان و خەباتی دوکتور سەعید پێشان درا.
لە پانێلی دووهەمی رێوڕەسمەکەدا ئەبوو کەریمی کۆڕگێری رێوڕەسمەکە وتارێکی پێشکەش کرد.
کەریمی لە سەرتای باسەکەیدا  ئاماژەی بە کەسایەتی و رۆڵی دوکتور شەرەفکەندی لە نێو بزووتنەوەی کورد کرد.
هەڵوێست و سیاسەتی حیزبی دێموکرات و دوکتور سەعید لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و کۆکردنەوەی ئەو دەنگ و رەنگە جیاوازانە لە دەوری یەک، تەوەری سەرەکی لە وتەکانی ئەبوو کەریمی پێکهێنابوو.
ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا هەروەها ئاماژەی بە توانایی و لێهاتوویی دوکتور سەعید لە بواری دیپلۆماتیک کرد.
لە درێژەدا، کەریمی هەروەها بارودۆخی ئێستای ئێران و هەڵسووکەوتی رێژیمی ئێرانی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ بەشدارانی رێوڕەسمەکە بە وردی شی کردەوه.
بە پێشکەش کردنی پەخشانێک لەلایەن خاتوو شلێرەوە، رێوڕەسمەکە کۆتایی پێهات.