کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای قودس بە لیستی رەشی دەوڵەتی کانادا زیاد کرا

13:59 - 2 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: دەوڵەتی کانادا سپای قودسی خستە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستەکانەوە و لەهەمبەردا ناوی رێکخراوی موجاهدین خلقی لەو لیستەیەدا سڕییەوە.
لێپرسراوانی کانادایی رایانگەیاند، سپای قودس سەر بە سپای پاسداران لە پڕ چەک کردنی تاڵیبان، حەماس و ژمارەیەکی دیکەی گرووپی تیرۆریستیدا دەستی هەبووە.
ڤیک تووز، وەزیری ئەمنیەتی گشتیی کانادا رایگەیاندووە، سپای قودس بە مەبەستی گەشەپێدانی ئینقلابی ئیسلامی، کار ئاسانیی بۆ چەندین کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام داوە.
ناوبراو گوتی: دانی چەکوچۆڵ، دابین کردنی بوودجە، مەشق پێ کردن و بارهێنانی گرووپە میلیشیا توندڕەوەکان لە چالاکییەکانی سپای قودس دێنە ئەژمار و راشیگەیاندووە، تاڵیبان، حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس، رێکخراوی جیهادی ئیسلامی و بەرەی ئازادیخوازیی خەڵکی فەلستین لە یارمەتییەکانی سپای قودس بێ‌بەش نەبوون.
پێشتر و لە مانگی سێپتامبەردا، فەرماندەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو، کە ئەندامانی سپای قودس لە سووریه و لوبنان بوونیان هەبووە، بەڵام ئامادە بوونیان تەنیا لایەنی راوێژکاریی بۆ گرووپە تیرۆریستەکان بووە.
لیستی رەشی دەوڵەتی کانادا ٤٣ رێکخراو لەخۆ دەگرێ و ئەم دەوڵەتە رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو کە رێکخراوی موجاهدینی لە لیستی رەشی خۆیدا سڕیوەتەوە.
رێکخراوی موجاهیدین بەهۆی کوشتنی شەش راوێژکاری ئەمریکایی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و هەروەها هێرش بۆسەر مەقەڕی دیپلۆماتیکی رێژیمی ئێران لە ساڵی ١٩٩٢، خرایە نێو لیستی تیرۆری دەوڵەتی ئەمریکاوە.
هەواڵدەریی فەڕانسە بڵاوی کردەوە، رێکخراوی مجاهدین خلق لە دەیەی حەفتای زایینیدا بە رێبازی چریکیی خۆی ئەمریکاییەکانی دەکوشت، بەڵام هەنووکە خەباتی چەکداریی وەلاناوە و دروشمی رووخانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لە رێگای خەباتی مەدەنییەوە هەڵگرتووە.
ماوەیەک لەمەوبەر حکوومەتی ئەمریکا ئەو رێکخراوەی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا.