کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسدارانی ئێران دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەفغانستان دەکات

23:22 - 12 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی سپای پاسدارانەوە بە مەبەستی ناسەقامگیرکردنی دۆخی سیاسیی ئەفغانستان و پشێوییەکانی ئەم دوایییانەی ئەو وڵاتە، دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتە دەکات.
رادیۆی ئورووپای ئازاد بڵاوی کردەوە، رەحمەتوڵڵا نەبیل بەرپرسی ئیدارەی تەناهیی نەتەوەیی ئەفغانستان راگەیاندووە: رێژیمی ئیسلامیی ئێران گەلاڵەیەکی لەمەڕ دەستێوەردان لە پشێوییەکانی ئەمدوایییانەی هەڵبژاردنی ئەفغانستان داڕشتووە و لە رێگەی سپای پاسدارانەوە ئەو گەڵاڵەی ئیجرایی کردووەتەوە.

بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی تەناهیی نەتەوەیی ئەفغانستان وتوویەتی: \'\'گەڵاڵەکانی رێژیمی ئێران لەمەڕ کەڵوەرگرتن لە پشێوییەکانی هەڵبژاردنی ئەفغانستان لە رێگەی سپای پاسداران لە قۆناغی جێبەجێ کردن دایە.

هەتا ئێستا زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین و جیهان و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبیی وەکوو یەمەن، بەحرەین، میسر، رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی خۆیان تاوانبار کردووە.