کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمینارێک بە بۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی فینـــلاند بەڕێوەچوو

22:09 - 12 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ٦٨ەمین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی پێشەوای نەمر قازی محەممەد و هاوڕێیانی، سیمینارێک لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبەوە لە وڵاتی فینـــلاند بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی سیمینارێک بۆ \'\'عەبدوڵڵا حیجاب چالاک و شارەزای سیاسی، بەبۆنەی یادی شەهیدان بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی وڵاتی فینـــلاند لە شاری تورکوو بەڕێوەچوو.
ئەو سیمینارە بە سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەتی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە دەستی پێ کرد.
پاشان \'\'فازڵ گوڵجانپوور\'\' بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ فینـــلاند، پەیامی کۆمیتەی بەو بۆنەوە خوێندەوە. لە پەیامی کۆمیتەدا هاتبوو: پێشەوا، کەسایەتییەکە کە زیاتر لە شەش دەیە لەمەو پێش بە داگیرساندنی ئاگری خەبات، مێژوویەکی دروست کرد ‌و هەتا ئێستاش ئاڵای ئەو خەباتە شەکاوەیە و نموونەی خۆڕاگری و بەربەرەکانێ‌ دژی زوڵم و ستەمێکە کە لەلایەن داگیرکەرانەوە لە نەتەوەی کورد دەکرێ.
پێشەوا، نموونەی رێبەرێکی لێوەشاوە، هەڵکەوتوو ‌و خەباتکاری کوردە. نموونەی بیری ئازادیخوازی، نەتەوەخوازی و مافپەروەری لە کوردستانە. نموونەی تاکێکی شۆڕشگێڕی کوردە کە دژی هەموو چەشنە زوڵم و ستەمێک خەباتی دەست پێ‌ کرد و بە فیداکردنی گیانی خۆی، مێژووی خەبات و بەرخۆدانی نەتەوەیەکی تۆمار کرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزه سیاسییەکان لە فینـــلاند، لەلایەن جەعفەر مستەفا سوڵتانییەوە پێشکەش کرا.
بەشی دووهەمی سمینارەکە بۆ باسەکەی عەبدوڵڵا حیجاب تەرخان کرابوو

عەبدوڵڵا حیجاب لە سەرەتای باسەکەیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە رۆڵی گرنگی پێشەوا قازی و هاوڕێیانی و هەروەها رووداوەکانی جیهان و گۆڕانکارییەکانی ناوچە و کاریگەرییان لەسەر کوردستان و پێویستیی خۆ ئامادەکردنی نەتەوەی کورد بۆ کەڵک وەرگرتن لە هەڵەکان بۆ ئەوەی کورد بتوانێ بە قازانجی خۆی کەڵک لە هەلومەرجەکان وەربگرێت. چونکە نەتەوەی کورد ئەو پتانسیەڵەی هەیە ببێتە دینامیزمێک بۆ گۆڕانکاری لە کوردستان و ناوچەکەدا.
ئەو چالاکە سیاسییە لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا وێڕای ئیشارە بە کەسایەتیی پێشەوا، وتی: پێشەوا قازی محەممەد لە بازنەی سکرتێری حیزبی دێموکرات دەرچووە و وەک سامانی نەتەوەیی کورد چاوی لێ دەکرێ، چونکە پێشەوا یەکەم سەرۆک کۆماری کورد بووە و ئامانجی کۆماریش رزگاری نەتەوەیی بووە.

حیجاب هەروەها گوتی: ئێستا ئێمە کە لێرە کۆبووینەتەوە باس لە هێزی نەتەوەیی و سامانی نەتەوەیی دەکەین، دەبێت پێش هەموو شت خۆمان هەنگاوی بە جیددی و عەمەلی بۆ ئەو سامانە نەتەوەیی‌یانە هەڵگرین کە دەبنە هەوێنی پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی.