کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمینارێک لەسەر ١٠ی خاکەلێوە لە نوروێژ بەڕێوەچوو

21:10 - 6 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: رۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی نوروێژ لەلایەن ئەندامانی حیزبەوە بەرز راگیرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ نوروێژ، سمینارێکی بەبۆنەی رۆژی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان لە شاری ئوسلۆ بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب بەڕێوە برد.
پاش ناساندنی بڕگە و بابەتەکان، لەلایەن ناسر فەتاحی بەرێوەبەری رێوڕەسمەکە، بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ نوروێژ، لەلایەن سمایل عەلی‌پوورـەوە خوێندرایەوە و دوابەدوای ئەوەش پەیامی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان، خوێندکاران و کۆمەڵەی گشتیی کولتووریی کورد لە نوروێژ لەلایەن ئەنور ئازەرییەوە پێشکەش کرا.
دواتر بەڕێز دوکتور گوڵموراد مورادی لەسەر کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد و رۆڵی ئەو رێبەرە و هەروەها رێبەرانی دیکەی حیزبی دێمۆکرات چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا بەڕێز جەعفەر محەممەدپوور باسێکی لەبارەی گەورەیی و مەزنیی پێشەوای نەمر و رۆڵی لە دامەزراندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و کۆماری کوردستاندا پێشکەش کرد.
پاشان چەند وتەیەکی بە سۆز و زۆر گرینگ لەلایەن پوورە فاتمـەوە پێشکەش کرا.
دواتریش ئەنوەر سوڵتان‌پەنا پەخشانێکی بەو بۆنەوە خوێندەوە.
بڕگەی کۆتایی رێوڕەسمەکە خوێندنەوەی چەندین سروود و پەخشانی لەخۆ گرتبوو.