کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ كتێبی بەهمەن قوبادی لەسەر سینەما و فیلمەكانی بڵاو كرایەوە

15:26 - 13 رەزبەر 2715

كوردستان میدیا: سێ كتێب سەبارەت بە فیلمەكان و سینەمای بەهمەن قوبادی بە زمانی توركی لە وڵاتی توركیە چاپ و بڵاوكرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەسەر فیلمەكان و سینەمای بەهمەن قوبادی\'\'، سینەماكاری بەناوبانگی كورد، سێ كتێب بە زمانی توركی لە توركیە بڵاو كرایەوە و خرایە بەر دیدی خوێنەران.

كتێبی یەكەم بە ناوی كیسەڵەكانیش دەتوانن بفڕن (Kaplumbağalar da Uçar) بە شێوەیەكی تێروتەسەل باس لە سێهەمین فیلمی سینەمایی بەهمەن قوبادی و ناوەرۆكی ئەم فیلمە كوردیە دەكات.

12222.jpg
كتێبی دووهەم بە ناوی سینەمای كوردی (Kurt Sinemasi) ئاماژە بە سینەمای كوردی دەكات و بەشێكی سەرەكیی ئەم كتێبە سەبارەت بە سەرجەم فیلمەكانی بەهمەن قوبادییە كە تا ئێستا بەرهەمی هێناون.

لەم كتێبەدا بۆ یەكەم جار، وتووێژی بەهمەن قوبادی لەگەڵ سینەماكاری ناوداری ئیتالیایی بێناردۆ بێرتۆلۆچی (Bernardo Bertolucci) بڵاوكراوەتەوە كە بە تێروتەسەلی ئاماژە بە سینەمای كوردی كراوە.

لەو وتووێژەدا باس لەوە كراوە كە سینەمای كوردی بە فیلمی سینەمایی كاتێك بۆ مەستی ئەسپەكان لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی دەست پێدەكات و شەپۆلی سینەمای كوردی لە كوردستانی ڕۆژهەڵات بە فیلمەكانی ئەم سینەماكارە بەئەزموونە كوردە سەری هەڵداوە.

ئەم كتێبە لە لایەن دەزگای ئاگۆرا كیتاپلیگی (Agora Kitapligi)چاپ و بڵاو كراوەتەوە و لە لایەن ماڵپەڕی ناوداری ئامازۆن ەوە (Amazon) ڕێكلامی بۆ دەكرێت.

كتێبی سێهەم بە ناوی پەردەی ڕەش و سپی (Kara Perde) سەبارەت بە فیلمی سینەمایی وەرزی كەرگەدەن پێنجەمین بەرهەمی ئەم سینەماكارە كوردەیە. كە لە لایەن دەزگای سینەما ئایرینتی (Sinema Ayrıntı)چاپ و بڵاوكراوەتەوە و خراوەتە بەر دیدی خوێنەران.