کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هاووڵاتی کورد لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و بانگهێشت کران

17:59 - 13 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتی کوردی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیرانەوە دەستبەسەر کران و هاووڵاتییەکی کوردی دیکە‌یش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە بانگهێشت کراوە.
بەپێی راپۆرتی هێرانا، سەرەتای ئەم هەفتەیە دوو هاووڵاتی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی زانیار سامان‌پوور و کامران قورەیشی لە بەردەم زانکۆی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە لیباس‌شەخسییەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران پاش دەستبەسەر کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە، خانووی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان پشکنیوە و دەستییان بە سەر کەلوپەلە شەخسییەکانیان وەک کۆمپیوتر و فایلە دەنگی و گرتەی ڤیدیۆیی و کامێرادا گرتووە.

لەو پێوەندییەدا هەمان سەرچاوە بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ئەم حەفتەدا، هاووڵاتییەکی کوردی دیکەش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێسلامی ئێرانەوە لە پارێزگای سنە بانگهێشت کراوە.

شوناسی ئەم هاووڵاتییە کوردە کە تا ئێستا زانیاریەکی ورد و درووست لە هۆکاری بانگهێشتی لەبەردەستدا نییە، کەریم قورەیشی راگەیەندراوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا، ٥٥ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.