کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ ئەندامی بنەماڵەی زیندانییەکی سیاسیی کورد لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسە رکران

20:58 - 26 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، برایەک و دوو ئەندامی بنەماڵەی \'\'حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور\'\'یان لە شاری سنەدا دەسبەسەر کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پاش‌نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە، \'\'عێزەت گوڵپەری پوور\'\' برای حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور زیندانیی سیاسیی کوردی ئیعدامکراویان دەسبەسەر کرد.

8272.jpg
حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور


هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات پاش دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، چوونەتە ماڵی باوکی ناوبراو و وێڕای بێ‌حورمەتی بە بنەماڵەکەی، دەستیان داوەتە پشکنین و تێکڕای کەلوپەلە شەخسییەکانی وەکوو کتێب، دەفتەر و کامپیۆتەرەکەیان زەوت کردووە.
لەم پێوەندییەدا لە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران دوو هاووڵاتیی دیکەی لە بنەماڵەی \'\'گوڵپەری پوور\'\'یان بە ناوەکانی \'\'شاهۆ حەیدەری و میعاد ئەحمەدی\'\' لە چوارڕێیانی سەفەری لە شاری سنه دەسبەسەر کردووە.
بەپێی راپۆرتەکان هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم پاش دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە، چوونەتە ماڵەکانیان و وێڕای پشکنین، کەلوپولە تاکەکەسییەکانیشیان زەوت کردوون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی کەس و کاری ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام کەمپەینی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە ئێران لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە لە دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا راگیراون.
حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سنه، سەرەتای پاییزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی حەفازەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کرا و پاش زیندانی کران لە بەندیخانەی شارەکانی مەهاباد، سنه، ئورمیە و سمنان و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر، رێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بە تۆمەتی \'\'ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئێران، هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و دژایەتی لەگەڵ خوا\'\' لە تەمەنی ٢٩ ساڵیدا ئیعدام کرا.