کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگردا بریندار بوون

15:26 - 30 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: سێ ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بەهۆی بەربوونەوە و وەبەرکەوتنی بەرد لەکاتی کوژراندوەی ئاگر لە ناوچەی دەرەوەرانی مەریوان، بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئاگرکەوتنەوەیەک لە دارستان و لێڕەوارەکانی دەوروبەری ناوچەی دەرەوەران لە مەریوان رووی دا.

ئەو ئاگرکەوتنەوە کە پێشتریش رووی دابوو، لەلایەن هاووڵاتییان کۆنترۆڵ کرا، بەڵام دیسان بەهۆی گەرمیی هەوا ئاگەرەکە سەری هەڵداوەتەوە و هاووڵاتییان و ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی سەوزی چیای مەریوان رەوانەنی شوێنەکە بوون کە سێ کەس لە ئەندمانی ئەو ئەنجومەنە برینداربوون.

زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هاووڵاتییان گوندنشین و نزیک بە ٥٠ ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بەپیری ژینگەی کوردستانەوە چوون و لە کوژاندنەوە و کۆنترۆڵی ئاگرەکەدا بەشدارییان کرد.

بەربوونەوەی بەرد لە نشێوەکانی ناوچەی دەرەوەران و بەرکەوتنی ئەو بەردانە لە چالاکانی ژینگەپارێزیی مەریوان هۆکاری برینداربوونی ئەو سێ ئەندامەی ئەنجومەنی سەوزی چیا راگەیەنراوە.

ئەو دارانە کە لەو ئاگرکەوتنەوەدا سووتاون هەندێکیان تەمەنیان بۆ ٥٠٠ هەتا ٦٠٠ ساڵ پێش ئیستا دەگەڕیتەوە.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە سێ مانگی سەرەتای ١٣٩٣ی هەتاویدا ٤٤ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لێڕەوارەکانی سەوڵاوا و مەریوان رووی داوە.