کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێهەمین كۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی هەرچوار پارچەی كوردستان لەكەمپی دومیز دەستی بەكارەكانی كرد

17:48 - 6 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: سێهەمین كۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی هەر چوار بەشی كوردستان بە دروشمی لەپێناو یەكگرتووی نەتەوەیی لاوانی كورد بەبەشداری ٧٦ رێكخراوی لاوانی هەر چوار پارچەی كوردستان، لەكەمپی دومیز لەپارێزگای دهوك دەستی بەكارەكانی كرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەرلەبەیانی رۆژی هەینی رێكەوتی ٦ی بانەمەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی رێوڕەسمی كردنەوەی كۆنفڕانسی سێهەمی لاوانی چوار پارچەی كوردستان، بەبەشداری نوێنەری رێكخراوەكانی لاوانی كوردستان و هەروەها شاندێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەسەرپەرستی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی، بەڕێوە چوو.
سەرەتا رێوڕەسمەكە بە سروودی نەتەوایەتیئەی رەقیب و راگرتنی خولەكێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی شەهیدانی كوردستان دەستی پێكرد.
پاشان پەیامی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئومید خۆشناو سكرتێری یەكیەتیی لاوانی پارتی دێمۆكراتی كوردستان خوێندرایەوە و لەپەیامەكەدا هاتبوو: سەدەی 21 سەدەی وەدیهاتنی ئاوات و بەرهەمی خەباتی كوردە و ئەركی لاوان لەو پێوەندییەدا زۆر قورسە و لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەدا باس لەوە كرابوو كە كاتی ئەوە هاتووە كە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بە بەشداری هەموو لایەن و هێزە كوردییەكان لە هەرچوار پارچەی كوردستان لەسەر بناغەی پێكەوە ژیانی هەموو گەلان، ببسترێت.
هەر لەو پێوەندییەدا و بەبۆنەی كۆنفڕانسی سێهەمی لاوان بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران پەیامێكی بۆ رێوڕەسمەكە ناردبوو.
لەبڕگەیەكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا نوێنەری لاوانی هەر پارچەیەكی كوردستان پەیامێكیان پێشكەش كرد كە بریتین بوون لە:
ـ پەیامی لاوانی كوردستانی سووریە لەلایەن ئەحمەد محەممەد ئەمینـەوە خوێندرایەوە

ـ پەیامی لاوانی كوردستانی رۆژهەڵات لەلایەن ئاوات قوڕەیشیـەوەپێشكەش كرا

ـ پەیامی لاوانی كوردستانی توركیە لەلایەنرەمەزان مورادییەوە خوێندرایەوە

ـ پەیامی لاوانی هەرێمی كوردستان لەلایەن شێرزاد مامەوە خوێندرایەوە

ـ پەیامی كەمپی دومیز لەلایەن مستەفا رەمەزانـەوە پێشكەش كرا
7077.jpg
بڕگەی كۆتایی رێوڕەسمەكە تەرخان كرابوو بۆ چەندین تابڵوی هەڵپەركێ‌ و خوێندنەوەی شیعر.