کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی حیزبی دێموکرات لە حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسە

14:19 - 23 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسە، دوایین ئاڵوگۆڕەکانی جیهان و ناوچەیان تاوتوێ کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'حەسەن شەرەفی\'\' جێگری سکرتێری گشتیی حیزب، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢١ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی سەردانی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسەی لە پاریس کرد و لەلایەن شاندێکی ئەو حیزبەوە بە سەرپەرستیی \'\'لیدا سەمەر بەخش\'\' بەرپرسی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو حیزبەوە پێشوازیی لێ کرا.
لەو هاودیتنەدا شەرەفی سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران و ئەنجامی تەحریمە نێودەوڵەتییەکان و کاریگەریی دراماتیکی ئەو تەحریمانە لەسەر ئابووریی ئیران و ژیانی رۆژانەی خەڵک و پاشەکشەی رێژیمی ئێران و ناچاربوونی بە رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ١+٥، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسە قسەی کرد و سەبارەت بە سەرکۆماری نوێی رێژیمی ئێرانیش، وتی: هەر چەند کەلە دەرەوەی وڵات پڕوپاگەندەیەکی زۆر بۆ ئەو دەوڵەتە وەڕێ خراوە و وەکوو دەوڵەتێکی میانەڕەو دەیناسێنن، بەڵام لە راستیدا لە نێوخۆی ئێران هیچ ئاڵوگۆڕێک رووی نەداوە و بگرە سەرکوت و ئیعدام بەتایبەت لە کوردستان و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران توندتر بووەتەوە.
دۆخی هەنووکەیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، دەسکەوت و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان، رەوتی وتووێژەکانی نێوان پ‌ک‌ک و دەوڵەتی تورکیە، دۆخی هەنووکەیی کوردستانی سووریە، کۆمەڵە بابەتێکی دیکە بوون کە جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو دیدارەدا پرژایە سەریان.
لیدا سەمەربەخش، سەرپەرستی شاندی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسە وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لە دیداری شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەڵوێست و بۆچوونەکانی ئەو حیزبە، پشتیوانیی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسەی لە پێوەندی هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات بە نیسبەت ناوچەکە و ئازادیخوازان و هێزە پێشکەوتنخوازەکان دووپات کردەوە.