کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی کۆمەڵە لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات

15:37 - 6 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمەڵە ــ رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتیان کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی کۆمەڵە ــ رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'سەید ئیبراهیم عەلیزادە\'\' سکرتێری یەکەمی کۆمەڵە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرستیی \'\'حەسەن شەرەفی\'\' جێگری سکرتێری گشتیی حیزب پێشوازیی لێ کرا.

لەو دانیشتنە فەرمییەدا، لەسەر رەوشی سیاسی و ئابووری و ئەو قەیرانانەی کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستی نێوخۆی و نێودەوڵەتیدا لەگەلێ بەرەوڕوو بووە، ئاڵوگۆڕی نەزەر کرا، بە تایبەت دوای هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانی و ئامانجی رێژیم لە هەڵبژاردنی ناوبراو بۆ سەرکۆماریدا، قەوڵ و قەرارەکانی بۆ گۆڕینی کەشی سیاسیی ئێران لە نێوخۆ، چاککردنی رەوتی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک و هەڵگرتنی ئاستەنگەکانی سەر رێگای چالاکوانان و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی و ئاوڕدانەوە بە ویست و داخوازییەکانی گەلانی ماف پێشێلکراوی ئێران و باس لە مافی شارۆمەندی، دوای ئەو ماوەیە دەست بە کار بووە کەمترین هەنگاوی بۆ هەڵ نەگرتووە و تەنیا لەقسەدا ماوەتەوە، سیاسەتی سەرکوت و ئیعدام و زەبر ‌و زەنگیش زۆرتر بووە، هەروەها وەزعی شپرزەیی ئابووری و هەوڵەکانی رێژیم دوایی ملدانی رێژیم لەسەر پرسی ناوەکی بە وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمریکا نەیتوانیوە باری ئابووریی وڵات باشتر بکا و شوێندانەریی لەسەر سیستەمی ئابووری و بانکی ئەم وڵاتە دابنێت، رەوتی ئابووریی وڵات و ژیان و گوزەرانی خەڵکی زیاتر شپرزەیی کردوە.

لە بەشێکی دیکەی باسەکەدا وەزعی ئوپۆزسیۆنی ئێرانی و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و کورد بە گشتی باس کرا‌و لەم پێوەندییە هەر دوو حیزب لەو بڕوایەدا بوون لە چوارچێوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ویست و داخوازییەکانی گەلانی ئێران و مافەکانی کۆمەڵانی خەڵک دابین نابێ ‌و تەنیا رێگە، درێژەدان بە خەبات هەتا رووخانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لەم خەباتە سیاسییەدا ئاماژە بە بەربەرەکانێی کرێکاران و ژنان و خوێندکاران کرا و لەسەر پێویستیی هاوکاریی هێزە نەتەوەیی و چەپ و دێموکراتەکان جەخت کرایەوە و لەسەر پرسی کورد لە بەشەکانی کوردستان هەر دوو هەیئەت یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی کوردیان بە زامنی پاراستنی دەسکەوتە سیاسی و نەتەوەیی دێموکراتیکەکانی کورد زانی و هیوایان خواست گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان دوایی هەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەنجومەنی عێراق و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، سەرکردایەتیی کورد لەم بارودۆخە هەستیارەدا رۆلی مێژوویی و سیاسیی خۆیان بگێڕن و هەنگاوی حەکیمانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ هەڵ بگرن، لە کۆتایی ئەم باسە سیاسییەدا هەر دوو حیزب لەسەر هاوکاری و پێوەندی دۆستانەدا پێداگرییان کردەوە.