کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی کۆمەڵە لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

14:53 - 24 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'عەبدوڵڵا موهتدی\'\' سکرتێری گشتی، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرستیی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتی پێشوازیی لێ کرا.
بارودۆخی نالەباری ئابووریی رێژیم و هەڵکشانی نرخی هەڵاوسانی ئابووری، بێکاری، ملدانی رێژیم بە رۆژئاوا بە مەبەستی رزگاربوون لە داڕمانی ئابووری و ناچاریی رێژیم بۆ ئەم ملدانانە، کۆمەڵە باسێک بوون لەم دیدارەدا باسیان لێوە کرا.
سازانی کاتیی رێژیمی ئێران لەگەڵ رۆژئاوا بە ئامانجی لە دەست نەدانی کۆنترۆڵی وەزعەکە و هەڵبژاردنی رۆحانی وەکوو باشترین مۆرە بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی ویلایەتی فەقیهـ، بەشێکی دیکە باس و بابەتەکانی سەردانی شاندی کۆمەڵە لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بوو.
هەروەها دۆخی پارچەکانی دیکەی کوردستان و چەند باس و بابەتی پێوەندیدار بە کوردستانی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا هاتنە ئاراوە و هەر لایەنێک را و بۆچوونی خۆیان لەهەمبەر هەرکام لەو پرسانە دەربڕی.
لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن لەسەر بەردەوامیی پێوەندییەکان پێداگرییان کردەوە.