کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێكی پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان لەدەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات

00:05 - 3 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: شاندێكی پارتی كرێكاران ‌و رەنجدەرانی كوردستان بە سەرپەرستی بەڕێز باپیر كامەلا سكرتێری گشتی سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو شاندە لەلایەن هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانەوە بە سەرپەرستی بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتی حیزب پێشوازیان لێكرا.
ئەو سەردانە كە رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢‌ی بانەمەڕ ئەنجامدرا، لە سەرەتادا بەڕێز باپیر كامەلا لەسەر دۆخی كورد لەهەرێمی كوردستان ‌و بە تایبەت بارودۆخی نیوان حكوومەتی ناوەندی ‌و حكوومەتی هەرێم، لێكدانەوەی خۆیانی پێشكەش كرد ‌و سەبارت بە دۆخی سووریە‌و دەست تێوەردانەكانی وڵاتانی ناوچە ‌و تێكدانی ئارامی قسەی كرد.
بەڕێز باپیر كامەلا سەبارەت بە كاریگەری ‌و رۆڵی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەناوچە ‌و پەرەدان بەو پێوەندییانەی ، زۆر بە ئەرێنی هەڵسەنگاند ‌و وتی: چاوەڕوانی ئەوە لە حیزبی دێمۆكرات دەكرێ كە لە داهاتووشدا بتوانێ‌ رۆڵی گەورەتر بگێرێ‌.
پاشان بەڕێز مستەفا هیجری، لێكدانەوەیەكی سیاسی لەسەر وەزعی ناوچە ‌و ئەو ئاڵوگۆڕانەی كە روییان داوە ‌و ئەوانەی كە بەڕێوەشن كرد و خۆشحاڵی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی لە نەمانی دیكتاتۆرەكان لەناوچە راگەیاند.
بەڕێز هیجری باسی رۆڵی تێكدەرانەی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لەناوچەكە كرد ‌و وتیشی: سەرەنجام ویست ‌و ئیرادەی خەڵك سەردەكەوێ و خێرایی ئەو پڕۆسەش بەستراوە بە كاریگەری خەڵك ‌و هێزە شۆڕشگێڕەكان ‌و تەسلیم نەبوون لەبەرامبەر ویستی دیكتاتۆرەكان.
سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات ئەو كێشە ‌و گیر و گرفتانەی كە رێژیمە دیكتاتۆرەكان دروستی دەكەن بە پیشەی هەموو سیستمە دیكتاتۆرەكان زانی.