کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێكی كۆمەڵە ـ رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران لەدەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات

22:34 - 12 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: شاندێكی كۆمەڵە ـ رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بە سەرپەرستی بەڕێز سەید برایم عەلیزادە دەبیری یەكەمی كۆمەڵە سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێكەوتی ١٢ی بانەمەڕ، شاندی كۆمەڵە لە لایەن هەیئەتێكی رێبەری حیزبی دێمۆكراتەوە بە سەرپەرستی بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتییەو پێشوازییان لێكرا و لەو دیدارە كۆمەڵێك باس ‌و بابەت لە لایەن دوو هەیئەتەوە كەوتە بەر باس ‌و لێكدانەوە.
گرینگترین خاڵەكانی ئەو كۆبوونەوە بریتی بوون لە: هەڵسەنگاندنی بار‌ودۆخی سیاسی ‌و پرسی هەڵبژاردن لەئێران، باسێك لەسەر ناوچەكە بە تایبەت بار‌ودۆخی كورد لەهەموو بەشەكانی كوردستان، پرسی پێوەندی ‌و هاوكاری نێوان هێزەكانی كوردستانی ئێران.
لەپێوەندیی بار‌ودۆخی سیاسی ئێران ‌و پرسی هەڵبژاردن، هەر دوو هەیئەت لەو باوەڕەدا بوون كە دۆخی ئێران لە نێوخۆ ‌و دەرەوە رۆژبەرۆژ خراپتر دەبێ ‌و بەرە‌و شپرزەیی زیاتر دەچێت ‌و قەیرانەكانی نێوخۆیی لە بواری سیاسی، ئابووری ‌و كێشەی نێو باڵەكانی رێژیم هەتا دێت قوڵتر ‌و بەرینتر دەبێت ‌و ئەو رێژیمە زیاتر لە جاران لە نێوخۆدا تەریكتر بۆتەوە.
لەو دانیشتنەدا لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکان وترا، لەرێژیمی ئیسلامیی ئێراندا ئیستاش هەر وەك هەڵبژاردنەكانی پێشوو موهەندسی كرا‌وە ‌و لەهەمان كاتدا نادێمۆكراتیك ‌و هەموو هەڵبژاردنێك لە كۆماری ئیسلامیدا فەرمایشیە ‌و ئێستا رووی راستی ‌و ماهیەتی كۆماری ئیسلامی بۆ خەڵكی ئێران بەگشتی ‌و بەتایبەت خەڵكی كوردستان روون بۆتەوە، بەڵام هەنووکە رێژیم بە گۆشار هێنان ‌و پیلانی جۆراوجۆر دەیهەوێت خەڵك بۆ ئەو هەڵبژاردنە فەرمایشیەی كە لەمانگی جۆزەرداندا بەڕێوەی دەبات راكێشەتە سەر سندووقەكانی دەنگدان.
لەبەشێكی دیكەی ئەو دیدار و چاوپێكەوتنەدا هەر دوو شاندی كۆمەڵە و حیزبی دێمۆكرات لەو باوەڕەدابوون، كە هیچ یەك لە مورەكانی رێژیم سەرەڕای ناكۆكییەكانی نێوخۆییان لە 34 ساڵی رابردوودا هیچ ئاڵوگۆڕێكیان لە وەزعیەتی خەڵك پێك نەهێناوە ‌و ئێستاش ناتوانن ئاڵوگۆڕ پێك بێنن.
لەبەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا لەسەر بار‌ودۆخی كورد لەبەشە جیاوازەكانی كوردستان هەر دوولایەن لێكدانەوەی خۆیان لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لەتوركیە، بار‌ودۆخی كورد لەسووریە و هەرێمی كوردستان خستە بەر باس ‌و هەر دوولایەن پێیان ‌وا بوو بەگشتی ناوچەكە ‌و پرسی كورد لە گۆڕاندایە ‌و دەرفەتی باش بۆ كورد هاتۆتە پێش ‌و لەهەمان كاتیشدا پێویستە كورد لەهەر بەشێكی كوردستان بەسیاسەتی دروست و ئوسوولییەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو بارودۆخە بكات.
هەر لەو پێوەندیییەدا هەر دوو شاندەكە لەسەر پرسی هاوكاری دوو لایەن، دیدار ‌و چاوپێكەوتنیان لەسەر مەسەلە دیاری كراوەكان و هاوكاری كردنیان بە پێویست زانی ‌و جارێكی دیكە پێداگرییان لەسەر پێوەندیی دۆستانەی نێوانیان كردەوە.